لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ لە شاری شائاباد لە سێدارە درا

21:12 - 21 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان لە پێش چاوی خەڵکەوە لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران لەو شارە جێبەجێ کرا.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"مێهر\" لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ خەرمانان، لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ لە شاری شائاباد لە سێدارە دراوە.

دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێران حوکمی ئێعدامی، بە تۆمەتی\"کوشتنی بە ئەنقەست\"ی بە سەر ئەو لاوە کوردە داسەپاندبوو.

هەرچەندە ئەو هەواڵدەرییە شوناسی ئەو لاوە کوردەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەزگای قەزایی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی لە شوێنی گشتی و لە پێش چاوی خەڵکەوە دابوو.

نزیکەی چوار مانگ پێش ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ناوەندی شاری شائاباد بە چەکەوە دایک و کچێکی دابووە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کچەکە گیانی لە دەست دا و دایکی کچەکەش بریندار بوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی دیکە خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی \"عەقیل ناسری\" بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە گۆڕەپانی ٢٢ بەهمەنی ئەو شارە لە پێش چاوی خەڵکەوە لە سێدارە درا.