لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ لە شاری بۆکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:31 - 3 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، بە هۆکاری نادیار دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی \"س. م\"، خەڵکی گوندی \"ئووش تەپە\" بە هۆکاری نادیار هەوڵی خۆکوژی دا.

دەوترێ، ئەو لاوە کوردە، بە شێوەی خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە ماوەی یەک مانگدا، ئەمە دووهەمین خۆکوژی هاووڵاتییانە، کە لە گوندی \"ئووش تەپە\"ی شاری بۆکان ڕوو دەدات. هەر لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش کچێکی تەمەن ١٩ ساڵەش بە ناوی \"شین. الف\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە یەک مانگی ڕابردوو (بەفرانبار)ـەوە ئەمە چوارەمین خۆکوژییە، لە شاری بۆکان ڕوو دەدات.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانبار، پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی شائاباد بە هۆی کێشە تاکەکەسی پاش کوژرانی خۆشکەزاکەی خۆی، دەسبەجێ کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێنا.