لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بە حەبی برنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:09 - 18 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە بە خواردنی حەبی برنج هەوڵی خۆکوشتنی دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردان، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو لاوە تەمەن ٢٤ سالە بە\"هەژار نەسیری\" کوڕی محەممەد عەلی نەسیری خەڵکی گوندی تەنگیسەر ڕاگەیەندراوە.

دەوترێ، هەژار بە خواردنی چوار دانە \"حەبی برنج\" هەوڵی خۆکوژیداوە.

لە کاتی خواردن یان بۆن کردنی حەبی برنج، جەستەی ئەو کەسە ژەهراوی دەبێت، ئەگەر ئەو ژەهرە لە جەستەی کەسی بەکاربەر دەرنەهێندڕیت، دەبێتە هۆی کوشتنی ئەو کەسە.

دابەزینی فشاری خوێن، دڵەتەپە، هەوکردنی جگەر، هەناسەسواربوون، حاڵەتی گەشکە بەخۆوە گرتن نیشانەکانی ژەهراوی بوون بە حەبی برینجە.

حەبی برنج یان فۆسفیدی ئاڵمینیۆم ژەهرێکی مەترسیدارە، کە بە مەبەستی پاراستنی دانەوێڵە، برنج، کا و گزرە لە ئافات بەکار دەبرێ.