لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:57 - 9 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵە خەڵکی شاری دیواندەرە لە پارێزگای کوردستان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنج‌شەممەی ڕابردوو ٦ی ڕەشەمە، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری دیواندەرە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو لاوە کوردە خەڵکی گوندی \"قەڵارو تەڵە\"ی شاری دیواندەرە بووە.

دەوترێ، ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی بە خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

لەچەن ساڵی ڕابردوودا هەڵکشانی ڕێژەی خۆکوژی لە کوردستان پەرۆشیی کۆمەڵگای لێکەوتۆتەوە.

زۆربەی هەرە زۆری خۆکوژییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن هەواڵدەریی و ماڵپەڕەکانی حکوومەتییەوە ڕووماڵ ناکرێت.

بێکاری، هەژاری، دەستکورتی و کێشەی بنەماڵەیی لە ناوچە و لە شار و پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکان لە نێو هاووڵاتییانی کورد بەئەژمار دێن.