لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵەی کورد لە زیندانی نەغەدە لەسێدارە درا

21:48 - 2 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد، لە یەکەمین رۆژەکانی وەرزی هاوینی ئەمساڵدا لە زیندانی شاری نەغەدە جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو لاوێکی کورد بەناوی هێمن براوەندی، خەڵکی دەوروبەری پیرانشار، لە زیندانی ناوەندیی شاری نەغەدە لەسێدارە درا.

هێمن براوەندی تەمەنی ٢٥ ساڵ بووەو یەکەمین کەسە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەسێدارە دراوە، کە هەتا ئێستا تۆمەتەکەی بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران بەبێ ئاماژە کردن بە ناوی ئەو زیندانییە کوردە، کە ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ لەسێدارە دراوە، بڵاوی کردۆتەوە: زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئەو حوکمی لەسێدارەدانەکان بە نهێنی لە زیندانەکاندا بەڕێوە دەچن و ەزگای دادوەری خۆی لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانەکە و ناوی کەسی لەسێدارە دراو دەبوێرێت.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، ١٨٦ کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە وڵاتی ئێران و بە بڕیاری دەزگای دادوەریی ئەو ولاتە لەسێدارە دراون.