لاوێکی بانەیی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو

20:53 - 2 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی ئێران بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی، بە گۆمانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ ماشینی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بانەیان داوەتە بەر دەستڕێژ گوللە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە ڕایگەیاند: لەو ڕووداوە چوار گوللە بەر جەستەی ئەو لاوە کوردە کەوتووە و ناوبراو بە سەختی بریندار بووە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو لاوە کوردەی \"نیژاد محەممەدی\" خەڵکی گوندی \"کێلە\"ی سەر بە شاری بانە ڕاگەیاندووە.

ئەو لاوە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی ناوەندەی دەرمانیی شاری سنە کراوە.

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد لە جاددەکانی کوردستانی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، یەکێک لە هۆکارەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی کورد بە ئەژمار دێت، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاووڵاتییانە هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاخیان پێ نەبووە.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر کەسێک ماشێنی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی ڕاوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان ڕەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.