٧ لاوی کورد ئەگەری ئێعدامیان لە ئارادایە

21:47 - 26 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ٧ لاوی کورد کە لە کاتی مێرمنداڵیدا، تووشی قەتڵ ببوون، لەلایەن دادگای شارەکانی سنە، مەهاباد، سەقز و میاندواوەوە حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٧ لاوی کورد، بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کراون، و لە لایەن دادوەری دەزگای قەزایی ئێرانەوە، حوکمی قیساسیان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ئەو ٧ لاوە کوردە، بە ناوەکانی \"ڕەئووف حەسەنی\" کوڕی محەممەد کەریم، \"ئازاد محەممەد زادە\" کوڕی عوسمان، \"ساڵح تەیمووری\"، کوڕی جەلال،\"خالید ڕەسووڵی\" کوڕی مستەفا،\"ئەسعد ڕەسووڵ نێژاد\" کوڕی عەلی،\"ناسر خزری\" کوڕی عەبدوڵڵا\" و \"یەدوڵڵا ڕەحیم زادە\" کوڕی خوسرەو، ڕاگەیەنراوە.

ئەو ٧ مێرمنداڵە کوردە، لە کاتێکدا بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار و دەستبەسەر کراون، کە تەمەنیان ١٥ ساڵان بووە.

ئەو ٧ لاوە کوردە، خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز، بٶکان، مەهاباد و میاندواون.

دەرکردنی حوکمی قیساس بۆ ئەو ٧ لاوە کوردە، لەکاتێکدایە کە تەمەنی سزای جەزایی منداڵان بۆ کوڕان، ١٥ ساڵ و بۆ کچانیش ٩ ساڵ دیاری کراوە.

کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ، ئێعدامی کەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی قەدەغە ڕاگەیاندووە.

ئێران وەکوو ئەندامی \"میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان\" و \"کۆنڤاسیونی مافی منداڵان\" بەرپرسیارە لە ئێعدام نەکردنی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ و بە پێشێل کردنی ئەو ڕێککەوتنە، بە یەکێک لەو وڵاتانە بە ئەژمار دێت کە منداڵان ئێعدام دەکەن.