لاویک پاش ئازاد کران لە زیندان خۆی کوشت

15:55 - 24 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ پاش ئازاد کران لە زیندان، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ حەمید خۆراسانی تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی گوندی \"خالیدئاباد\"ی سەربە شاری ورمێ، کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە زیندانی کرابوو، پاش ئازادکران لە زیندان، هەوڵی خۆکوژی‌دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو لاوە کوردە ماوەیەک پێش ئیستا هاوسەرەکەی تەلاق دابوو، کە بەهۆی دەستکورتییەوە توانای دانی مارەیی ژنەکەی نەبوو، کەلە ئەنجامدا رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو، لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

کۆمەڵناسان هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوەی ژن و مێرد بۆ کۆمەڵێک فاکتی وەکوو؛ کێشەی جنسی، هەژاری، بێکاری، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و بە شوودانی زۆرەملی لە کۆمەڵگەدا دەگەڕێننەوەو مەسەلەی تەڵاق لە کۆمەڵگەی ئێراندا، کە بەرئەنجامی ئەو فاکتانەن، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی ئاماری ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئێران، لە هەر کاتژمێرێکدا ١٦ حاڵەتی تەڵاق لە ئێران تۆمار دەکرێت، کە کارناسانی کۆمەڵایەتی ئاماری چوونەسەرێی تەڵاقیان لەو وڵاتە بە \"بوومەلەرزەی شاراوە\" وەسف دەکەن، ئەوەش لە حاڵێک دایە، کە بەپێی ئاماری ئەو ئیدارەیە، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ٥٣% کەمی کردووە و لە ئوستانی کوردستانیش ١٢% دابەزینی بەخۆیەوە بینیەوە.