لانیکەم ١١ زیندانیی ناڕازی لە زیندانی شاری‌کورد لە ئاگردا سووتان

16:51 - 14 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ناڕەزایەتی دەربڕینیکی بە کۆمەڵدا و ئاگرکەوتنەوەیەکدا لە زیندانی شاری‌کورد، لانیکەم ١١ زیندانی بوونە قوربانی و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاگرکەوتەنەوەیەک لە بەندی ٢ی زیندانی شاری‌کورد، کە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو هاتۆتە ئاراوە، ١١ زیندانیی نێو ئەو زیندانە گیانیان لەدەست دا.

\"21268.jpg\"
بەرپرسی دادگوستەریی ئوستانی چوار محاڵ و بەختیاری، هۆکاری ئاگرکەوتەنەوەکەی \"نادیار\" راگەیاندووە، بەڵام ماڵپەڕی (سەحام نیوز)ی سەربە حیزبی (ئیعتمادی میللی)، هۆکاری سەرەکیی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی بۆ \"مانگرتنی بە کۆمەڵ\" گەڕاندۆتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لە \"بارودۆخی کارەساتبار\"ی زیندانی شاری‌کورد کردووە و نووسیویەتی: \"زیندانییەکان بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزادانی هاوبەندییەکانیان لەلایەن بەرپرسی زیندانەوە، دۆشەک و لیباسەکانیان ئاگر تێبەردابوو.

تەشەنەی ئاگرەکە و زیادیی لە رادەبەدەری سووتانی تەرمەکان و کەلووپەلی نێو زیندان، بە رادەیەک بووە، کە تەرمەکان شناسایی نەکراون.

هێندێک سەرچاوە باس لە گیان لەدەستدانی ١٢ کەس لە ئەنجامی ئەگرکەوتنەوەکەی رۆژی رابردووی زیندانی شاری‌کورد، دەکەن.

\"21269.jpg\"
هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە بەرپرسی زیندان رێگریی لە رووخاندنی دیواری زیندانەکە کردووەو بەم هۆیەوە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو بۆتەوەو هاوکات زیندانبان و ئەفسەر نیگابانەکانیش دەرگای زیندانەکەیان بەرەووی زیندانیاندا داخستووە.

ئاگرکەوتنەوەی زیندانی شاری‌کورد لە بەرەبەری سەردانی حەسەن رۆحانی بۆ ئوستانی چوارمحاڵی بەختیاریدا هاتۆتە ئاراوە.

دوابەدوای ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، شۆرای تەئمینی ئوستانی چوارمحاڵی بەختیاری، سەرلە ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ کۆبوونەوەو کۆمەڵیک بڕیاری نهێنییان دەرکردووە.

هەتا ئیستا تۆمەتی ئەو زیندانیانەی کە لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا سووتاون و گیانیان لەدەست داوە، روون نەبۆتەوە.