قەیـــــــــران لە ژینگەی کوردستـــــان + وتووێـــژ

14:12 - 16 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بوونەوەرە کێوییەکانی ژینگەی کوردستان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەرەورووی کەمتەرخەمی و قەیران بوونەتەوە.

رۆژانە زۆرێک لە میدیا حکوومەتییەکان لە ئوستانەکانی \"ئیلام، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان و کوردستان، هەواڵی دەستبەسەر کردنی راوچییەکان بڵاو دەکەنەوە و بە بەردەوامی باس لە راوی بوونەوەرەکان و لە ناوچوونی لێڕەوار و دارستانەکان دەکەن.

ساڵانە دەیان راوچی بەهۆی راوی نایاساییەوە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی شکاربانییەوە دەستبەسەر دەکرێـن.

دەستبەسەر کردنی راوچیان:

بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە ماوەی ٥ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٨ راوچی لە شاری کامیاران دەستبەسەر کراون.
هەروەها ساڵی رابردووش ٣٥٣ راوچی لە ئوستانی ئیلام دەستبەسەر کران.

هەر لەو پەیوەندییەداو بەهۆی بەرفراوانیی ژینگە و جۆری بوونەوەرەکان لەو ٤ ئوستانەدا و نەبوونی ئاماری درووست لەلایەن ئیدارەی ژینگەی ئەو ٤ ئوستانە، ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە بارودۆخی ژینگەی کوردستان دیمانەیەکی لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی ژینگە پارێزی پێکهێناوە.

هیوابووتیمار لەو دیمانەیەدا، بارودۆخی ژینگەی لەو ٤ ئوستانەی بە قەیراناوی وەسف کرد و بەرپرسانی حکوومەتیی بە هۆکاری هاتنە ئارای ئەو دۆخە لە قەڵەم دا.

\"14417.jpg\"
هیوا بووتیمار ساڵی ١٣٨٧ بە هاوکایی چەند چالاکیی ژینگە پارێزی دیکە \"ئەنجومەنی سەوزی چیا\"یان لە شاری مەریوان دامەزراند.
ناوبراو یەکێک لە سیما ناسراوەکانی ژینگەپارێزیی ئوستانی کوردستانە کە بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەریدا بوو.
ناوبراو ئەو دۆخەی بۆ هەلومەرجی تایبەتیی کوردستان وەک\" شەڕی ٨ ساڵە، هەبوونی سەدان هەزار مینی چێندراو و بۆمبارانی ناوچە کوردنشینەکان گەڕاندەوەو رایگەیاند، بە داخەوە ئەم بارودۆخە هەنووکەییە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە کەمترین ئاوڕێ لێ دراوەتە و ئەگەر ئەم رەوتە درێژەی هەبێت، بۆنەوەرە کێوییەکان بەرەو لەناوچوون دەچن.

ناوبراو تێل دڕووەکانی سەر سنوورەکانی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی وەک نموونە هێنایەوە کە بەو هۆیەوە رێژەیەکی بەرچاو لە بوونەوەرەکان لە ئەنجامی بەرکەوتنی \"دڕوو\"ی ئەو تێلانە بریندار و ورگ دڕاو دەبن و هاوکات کەلاکی ئەو بوونەوەرانە سەلمێنەری ئەو راستیەیە.

جۆری بوونەوەرە کێوییەکانی لە ژینگەی کوردستان:

\"14410.jpg\"
ئوستانی کوردستان بەهۆی جۆری ژینگەی تایبەت بەخۆی، چەندین بوونەوەری کێویی جۆراوجۆری تێدا دەژین، بەڵام بە چەندین هۆکاری جۆراوجۆر کە بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی ئوستانی کوردستان بە \"قاچاخ\"ی لە قەڵەم داوە، ٢٧ جۆری بوونەوەری وەک: \"گامێش، مریشکە کێوی، سمۆرە و ... بەرەو لە ناوچوون هەنگاو دەنێن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەنووکە ١٩٢ جۆر باڵندە، ٣١ جۆر شردەر، ١٧ جۆر خشۆکە، ١١ جۆر وشکاوی و ١٣ جۆر ماسی لە ئوستانی کوردستان شناسایی کراون.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا راوچییە جۆراوجۆرەکان سەرەڕای راوکردنی لە ڕادەبەدەر، دەستیان بە قاچاخی بوونەوەرە کێوییەکانی ژینگەی کوردستان کردووە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسانی سەرپێچیکار تەنیا ٢٠ هەزار تمەن جەریمە کراون.

هیوا بووتیمار پەردەی لەسەر کۆمەلێک نهێنی هەڵدایەوە کەلە هەندێک حاڵەتدا زۆرێک لە بەرپرسان و مەئموورانی ئیدارەی ژینگە هاوکاریی راوچییەکان دەکەن.

\"14416.jpg\"
ئەو چالاکە ژینگە پارێـزییە ئاماژەی بەوەش کرد، کە چەندین جۆر بوونەوەری کێویی وەک \"کەرویشک، دارکونکەرە، سمۆرە و کەو\" لە ژینگەی کوردستاندا بەرەو نەمان دەچن و بەداخەوە هەتا ئێستا بۆ زیادبوونی نەسلی ئەو گیانلەبەرانە هیچ هەواڵێک نەدراوە و تەنانەت لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا بەرپرسانی ئیدارەکانی ژینگە هاوکاری و یارمەتیی راوچییەکان ئەدەن.

کێشەکانی ئەو بوارە:

بێگومان راوی لە رادەبەدەر هەڕەشە لە ژینگەی کوردستان دەکات، بەڵام نەبوونی چاوەدێری و هەروەها کەمیی ئیمکانات بە کێشەکانی دیکەی ئەو بوارە بە ئەژمار دێت.

بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێوستە بۆ هەر ١٠ هێکتار زەوی ژێر چاوەدێری، ٢ کارناس و هەروەها ٤ مەئمووری ژینگەپارێزی بوونیان هەبێت، بەڵام ئەو رێژەیە لە ئوستانی کوردستان هیچ ستانداردێکی بۆ لەبەر چاو نەگیراوە.

\"14411.jpg\"
هیوا بووتیمار سەبارەت بە ژینگەی خۆجێی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە راو کردنی یاسایی مافی هەموو راوچییەکە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەتا ئیستا نەیانتوانیوە ئەو بوونەوەرانەی کە نەسلەکانیان بەرەو لەناوچوون دەچێت، پەرە پێ بدەنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەنووکە تەنیا لەو شوێنانە مۆڵەتی راو کردن بە راوچییەکان ئەدرێت کە بوونەوەرە کێوییەکان رێژەیان لە ئاستێکدا بێت کەلە ژینگەی ئەو ناوچەیەدا مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر نەبێت و لە ئەنجامدا هاوسەنگییەک پێک بێت.

وتەکانی ئەو چالاکە ژینگەپاریزییە لە کاتێک دایە کە ٣٤ شوێنی تایبەت بۆ راو کردن لە ئوستانی کوردستاندا بوونیان هەیە و ناوچەی پارێزراوی بیجار بە ٢٣ هەزار هێکتار رووبەرەوە، تاکە سەرچاوەی سرووشتیی ئەو ئوستانە ئەژمار دەکرێت.

\"14415.jpg\"
هیوا بووتیمار لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دەستبەسەر کرانی راوچییەکانی ئوستانەکانی رۆژئاوای ئێــران چ واتایەکی هەیە رایگەیاند: دەستبەسەر کردنی راوچییە سەرپێچی کارەکان سەلمێنەری بوونی تراژیدیایەکە کە ئەمڕۆ بەرۆکی ژینگەی کوردستانی گرتووە و ئەو کەسانەش تەنیا بە دانی بڕە پارەیەکی کەم سزا ئەدرێن و سەرلە نوێ دەگەڕێنەوە سەر پیشەی خۆیان و تەنیا لە حاڵەتێکیشدا ئەو راوچییانە زیندانی دەکرێن کە لە کارەساتێکیان خولقاندبێت و دەنگدانەوەی میدیای بووبێت، ئەگینا ئەم رەوتە هەروا درێژەی ددەبیت.

ژینگە لە روانگەی فەرهەنگییەوە:

پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە لە روانگەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتییەوە، فەرهەنگێک دێنێتە ئاراوە کە مرۆڤەکان بە سەر دو دەستە خەڵکی \" خۆجێیی\" و \" فەزای بایۆلۆژی\" دابەش دەکات.

لە کوردستان هاووڵاتییان پەیوەندییەکی چڕ و پڕیان لەگەڵ ژینگە هەیە و ئەمەش پێوستییەکی دوو لایەنە دەخوازێت، کەوابوو ئینسانەکەان بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستییان بە سەرچاوەیەک هەیە کە بەردەوام لەبەر دەستدا بێت و بە ئاسانی دەستیان پێی رابگات، بۆیە ئەگەر رۆژێک هەست بکەن کە ئاکار و کردەوەکانیان زیان بەو ژینگەیە دەگەیەنێت بێگومان لە درێژەدان بەو کارەیان خۆ دەبوێرن. چونکە سروشت بۆ ئەو جۆرە کەسانە وەک سەرچاوەی زۆربەی پێداویستییەکانیان بە ئەژمار دێت. و لە ئەنجامدا لە هەمبەر پاراستنی ژینگەدا زیاتر هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن.

هیوا بووتیمار ساڵی ١٣٨٧ بە هاوکایی چەند چالاکیی ژینگە پارێزی دیکە \"ئەنجومەنی سەوزی چیا\"یان لە شاری مەریوان دامەزراند.

ناوبراو یەکێک لە سیما ناسراوەکانی ژینگەپارێزیی ئوستانی کوردستانە کە بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەریدا بوو.

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کەلە ئیستادا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە، لە حەولی ئەوە دایە کە \"ئەنجومەنی سەوزی چیا\" لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت.