قەڵاچۆی هاووڵاتییانی سووریە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە بەردەوامە

17:23 - 24 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: سەرچاوەكانی سووریە ئاشكرایان كردووە، پێشێلكاری و توندوتیژییەكانی حكوومەتی سووریە بەدژی هاوڵاتییان بەردەوامە و نزیك بە 100كەسی دیكەش بەدەستی هێزە ئەمنییەكان بوونە قوربانی.

ماڵپەڕی سبەی بڵاوی كردۆتەوە، خۆپیشاندانی جەماوەری لە ناوچە جیاجیاكانی سوریە بە دروشمی جۆراوجۆر ئەنجامدراوە و كوشتاری گوندی \"تریمسە\"یان مەحكووم كردووە كە زیاتر لە 200 كەس كرانە قوربانی، هەروەها رەخنەی توندیان ئاراستەی لایەنە نێودەوڵەتییەكان كردووە كە لە هەمبەر ئەو كوشتارانەدا خەمساردیان نواندووە.

هاوكات چالاكانی مافی مرۆڤ لە سووریە ئاشكرایان كردووە، لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینیندا بەهۆی دەستڕێژی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی سووریە، نزیكەی 100 كەس لە (ئەدلەب، ریفی دیمەشق، حومس، حەڵەب، دەرعا، حەما، دیرەلزوور، لازقیە و حەسەكە) كوژراون، و دەیان كەسی دیكەش لەو ناوچانە بریندار كراون.

لەلایەكی دیكەشەوە لە چەند ناوچەیەكی دیمەشق پێكدادانی توند لە نێوان ئەرتشی ئازادی سووریە و هێزەكانی حكوومەتی سووریە روی داوە، شەوی رابردووش هێزەكانی حكوومەت چەند ناوچەیەكی \"دۆمای ریفی دیمەشق\"یان بۆردومان كردووە و بەو هۆیەوە بنەماڵەیەكی حەوت كەسی كوژراون.

پاش كوشتاری دانیشتوانی گوندی \"تریمسە\" دوێنێ هەینی ئەنجومەنی‌ نیشتیمانیی‌ سووریە داوای لە ئەنجومەنی‌ ئاسایش كرد، بڕیارێكی‌ \"بەپەلە و یەكلاكەرەوە\" بەدژی حكوومەتی سووریە دەربكات.