قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران پابەندیی ئەمنییەتی وەبیر حکومەتی هەرێمی کوردستانی هێنایەوە

21:32 - 15 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران بێ لایەنیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بارەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران \"بێ مانا\" وەسف کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وتەبێژی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران دوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەند بە بەڵێنییە ئەمنییەتییەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی ئێران بێت.

ئەحمەدی فەر لە دژکردەوە بە بەیانییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی دەڵێت: \"حزووری چەکدارانە و چالاکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە باشووری عێراق، هۆکاری ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوانەیە\".

وتەبێژی قەرارگای حەمزە باسی لەوە کردووە: \"هەندێک گرووپەکان دوو ساڵ پێش پایگای نیزامی و سیخوڕیی خۆیان لە هەندێک لە ناوچە سنوورییەکانی سلێمانییە و هەولێر وەک سیدەکان و نزیکی لە شنۆ دامەزراند. ئەوەش جیا لە ناڕەزایەتی لە ڕێگای ناوەندە دیپلۆماتیکەکان لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئەمنییەتیی هاوبەش باسی لە سەر کرا و لە کۆتاییدا لە سەر کۆکردنەوەی پایگاکانی ئەو گرووپانە لە ناوچە سنوورییەکان ڕێک کەوتن\".

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها باسی لەوە کرد که باسکردنی لە بێ لایەنیی لە بارەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دژی بەڵێنی و یاسا نێودەڵەتییەکانە و هەروەها ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەمنییەتی و بێ مانایە.

هەروەها محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینی سپا لە دژکردەوە بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارس باسی لەوە کردبوو: \"پێشتریش باسمان لەوە کردبوو کە ئێمە لە سەر ئەو ستراتژییەی خۆمان پێداگری دەکەین و ئەو مافەش بۆ خۆمان بە ڕەوا دەزانین کە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لە حاڵی مەشق و ڕاهێننان، بەرنامەڕێژی بۆ نائەمن کردنی ناوچە سنوورییەکانی بن لە هەر شوێنێک بن ئێمە هێرشیان دەکەینە سەر\".

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ سپای پاسداران ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کرد.

لەو تۆپبارانەدا چەند ناوچەیەکی بناری چیای هەڵگوردیان لە دەڤەری باڵەکایەتی وەک ناوچەکانی کونەڕێ، کیفارستان، قەبرۆکان، رێزان و گردوگۆی تۆپباران کران.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەیانییەیەکدا وێڕای ئەوەیکە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان لە لایەن حکومەتى ئێرانەوە ئیدانە کرد، بانگهێشتى کۆنسوڵى گشتیى حکومەتى ئێرانیشی کرد.

حکومەتى هەرێمى کوردستان وێڕای ئەوەیکە تۆپبارانەکان مەحکوم کرد ڕایگەیاند \"ئەوە لە کاتێک دایە ئێمە پابەندین بە بنەماکانى دراوسێیەتى باش و دەستنەخستنە ناو کاروبارى یەکتر و لایەنێک نین لە کێشەکانى نێوان حکومەتى ئیسلامیی ئێران و گرووپەکانى ئۆپۆزسیۆن و گرفتەکانی نێوانیان\".

هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان باسی لەوە کرد، \"نامانهەوێت لەژێر ئەو پەردەیە دانیشتووانى مەدەنیی هەرێمى کوردستان لە ناوچە سنورییەکان، وەک کۆچەری و گوندنشینەکان، ببنە قوربانیى بۆردوومان و تۆپبارانەکانى حکومەتى ئیسلامیى ئێران\".

هەروەها حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند \"حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدا ئەم کارە سەرکۆنە دەکات، داواش لە حکومەتى ئیسلامیى ئیران دەکات، دەست لە هێرشکردنە سەر خەڵکى مەدەنى و خاکى هەرێمى کوردستان هەڵبگرێت\".

ساڵی ڕابردووش سپای پاسداران سێ جار ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کرد.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار باسیان لەوە کردووه: \"حکومەتی ئێران و حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەبێ لە ڕێگای وتووێژ پرسی خۆیان چارەسەر بکەن\".

جۆزەردانی ئەمساڵ سپای پاسداران لە سنووری کێلەشین سەر بە شاری شنۆ تۆپخانەی دامەزراند.

سپای پاسداران مەبەست لە دامەزرادنی ئەو تۆپخانەیەی بەرەنگاربوونە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران وەسف کرد.