قەتڵی نامووسی دیسان قوربانی لێ کەوتەوە

15:36 - 17 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەک لە ژێر ناوی پاراستنی نامووس لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەردەشت ژنەکەی خۆی کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بە دەمانچە ژنەکەی خۆی کوشت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو ژنەی بە\"کەژاڵ\" خەڵکی گوندی نەڵاس ڕاگەیاند.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، مێردی ئەو ژنە بە چەکی دەمانچە تەقەی لە ژنەکەی کردووە و کۆتایی بە ژیانی ژنەکەی هێناوە.

ئەو ڕووداوە لە گەڕەکی \"شێوەبرایم\"ی شاری سەردەشت روویداوە.

هەنوکە تەرمی کەژاڵ کە دایکی دوو منداڵ بووە لە ساردخانەی شاری سەردەشت دایە.

ناوچە كوردنشینەكانی ئێران یەكێك لەو ناوچانەیە كە دیاردەی كوشتنی ژنان و كچان لەژێر ناوی پاراستنی نامووسدا بوونی هەیە و بەپێی توێژینەوە زانستییەكانیش ئەم دیاردەیەش بەرەنجامی بوونی چەندین دیاردەی كۆمەڵایەتیی وەكوو بێكاری، نەبوونی دەرەتانی كار و نەبوونی ئازادیی كۆمەڵایەتی و كلتوورییەكانە كە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی بنەماڵەیی لەناو كۆمەڵگادا.