قۆڵبەست کردن و ئازاری خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەردەوامە

21:05 - 12 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: شارۆمەندێکی خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەم ناوچەیەوە، قۆڵبەست‌کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە، ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٥ هەتاوی، ئەمیر عەبدوڵڵازادە\" کوڕی \"ڕەحیم\" خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی پێنج‌شەممە کاتژمێر ٢ی پاش‌نیوەڕۆ، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەم شارەوە قۆڵبەست کراوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو بە کوردپا ڕاگەیاندووە کە: \"تا ئێستا هیچ هەواڵێکمان سەبارەت بە بارودۆخ و شوێنی ناوبراو نیە\"

جێی باسە ناوبراو لە ساڵی ٩٣دا، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە، قۆڵبەست و ٦مانگ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.

لە ڕۆژانی دوایی‌دا، بە هۆی بارودۆخی شارە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت، بە هۆکاری جۆراجۆر خەڵک دەستبەسەر دەکەن و ڕق و قینی خۆیان لە خەڵکی بێ‌دەسەڵات، بەم جۆرە دەردەبڕن.