قۆناغێکی نوێی مین چاندن لە کوردستان

21:02 - 15 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران دەستی بە چاندنی مینە پێداڵیەکان لە سنوورەکانی کوردستان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران لە سنووری \"ساوجی و باشماخ\" لە شاری مەریوان هەتا نزیکی پێنجوێن لە کوردستانی عێراق دەستی بە چاندنی مین لە جۆری پێداڵی (NO4) ، کردووە.

بە وتەی کارناسێکی مینهەڵگرەوە لە وەزارەتی بەرگری حکوومەتی ئێران، ئەو جۆرە مینانە لە جۆری پێداڵی (NO4) ، کوپی کراوە لە مینە پێداڵییەکانی وڵاتی ئیسرائیل و لە کەرەتی بەرەڤانی بەرهەم دەهێنرێت.

ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەووەتەڕوو: لەم ماوەی دواییدا، چەندین کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان کوژراو و بریندار بوون.

ماوەیەک پێش، بێهنام سادقی چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی مین لە پارێزگاکانی خووزستان و ئیلام بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"مین، دۆسییەکی هەمیشە کراوە\" لە بڵاوکراوەی \"ماف\" باسی لە ئاماری قوربانیانی مین و کەرەستە نەتەقێندراوەکانی سەردەمی شەڕ لە کوردستان دەکات.
ناوبراو هەروەها لەو بارەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو: \"لە ئەمساڵدا هەتا کاتی نووسینی ئەم بابەتە و لە ١٨ ڕووداوی تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕ لە پارێزگا ئالوودەبووەکان بە مین، بەداخەوە ٥ کوژراو و ٢٢ کەس بریندار بوون، کە تەواوی ئەو ڕووداوانە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ڕووی داوە\".

بوونی ٢٠ میلیۆن مینی چێنراوی کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا چەندین رێوڕەسمی تایبەتیی لەژێر ناوی خاوێن کردنەوەی کێڵگە مینەکان بەڕێوە بردووە.