قوربانیانی ئێعتیاد لە کرماشان پیشانی خەڵک دران

15:28 - 8 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: پیشانگایەکی وێنەیی لە تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان کە لە کوچە و کۆڵانەکانی شاری کرماشان کەوتوون، کرایەوە.

بەپێی هەواڵەکان، لە ڕۆژی ڕابردووەوە پیشانگای وێنەیی هونەرمەندی کورد حسێن عیساحاج بە ژانرێکی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتی ئێعتیاد و تووشبووانبە مادە هۆشبەرەکان، لە هۆڵی میرزا ڕەزای کەڵهوڕ کرایەوە کە زیاتر لە ٣٠ وێنە لە خۆ دەگرێت.

ناوی ئەو پیشانگایە \"لە بۆدڕی دووکەڵەوە\"یە و تاکوو سەرەتای حەوتووی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

حسێن عیساحاج سەبارەت بە ئامانجی ئەو کارەی بە ئیسنای ئۆستانی کرماشانی وتووە: مەبەست نیشاندانی دەرئەنجامەکانی ئێعتیادە لە کۆمەڵگادا لە ڕێی هونەرەوە.
ئەوە چواردەهەمین پیشانگای حسێن عیساحاج لە بواری دیکۆمێنتاری کۆمەڵایەتییە.

بەڕێوەبەری پیشانگای \"در دخمه‌های دود\" ، ئەنجومەنی وێنەگرانی کرماشانە کە عیساحاج یەكێ لە دامەزرێنەرانیەتی.

ئەو وێنەگرە زیاتر لە ٣٠ ساڵە سەرقاڵی کاری هونەرییە و لە چەندین پیشانگای ناوخۆیی و دەرەکی‏دا بەشداریی کردووە.

ئامارە فەرمییەکان باس لە بوونی ٦٠ هەزار تووشبوو بە مادەی هۆشبەر لە پارێزگای کرماشان دەکەن کە بە وتەی چالاکانی مەدەنی، ئەو ڕێژەیە خۆی لە ١٥٠ هەزار کەس دەدات.