قوتابییەک بە هۆی نەبوونی پارە بۆ یارمەتی‌دان بە قوتابخانە خۆی هەڵواسی

14:34 - 6 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی خەڵکی شاری شنۆ، بە هۆی ناتەواوبوونی پارەکەی بۆ قوتابخانە، دوای هەڕەشە لە بنەماڵەکەی خۆی هەڵواسی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی \"هاوڕێ قادرشوان\" قوتابیی پۆلی شەشەمی سەرەتایی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"ئەو قوتابییە، واتە هاوڕێ قادرشوان، لە لایەن بەرپرسانی قوتابخانەی ئەو شارەوە پێی ڕاگەیەنداربوو کە دەبێ بڕە پارەیەکی نەختی بۆ یارمەتی‌دان بە قوتابخانە بێنت. بنەماڵەی ئەو قوتابییە بە هۆی دەستکورتییەوە توانای دانی ئەو بڕە پارەیان نەبووە و لە لایەکی دیکەشەوە لە لایەن بەرپرسانی قوتابخانەوە زەخت و گوشار خرابوویە سەر ئەو قوتابییە کە دەبێ ئەو بڕە پارەیە بێنێت\".

ئەو هەواڵنێرە لە درێژەدا ڕایگەیاند: \"سەرلەبەیانی کە بنەماڵەکەی دەچنە کرێکاری ٥٠٠٠ تمەن پارە دەدەن بە هاوڕێ کە بۆ قوتابخانەی بەرێت، بەڵام ناوبراو دەڵێت بەو بڕە پارەیە، بەرپرسانی قوتابخانەکە دەرم دەکەن و منیش خۆم دەکوژم، کە دواتر بەداخەوە ناوبراو هەڕەشەکە دەباتە سەر و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت\".

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا پێشتریش هەواڵی خۆکوژیی ئەو قوتابییەی بڵاو کردبووەوە.