قوتابییەکی تەمەن ٨ ساڵ پلەی یەکەمی نیگار کێشیی وڵاتی میسری بەدەست هینا

15:38 - 31 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی پۆلی دووهەمی سەرەتایی خەڵکی شاری کرماشان، لە کێبڕکێی نیگار کێشی لە وڵاتی میسر، پلەی یەکەمی بۆ خۆی دەستەبەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"فەرید جەعفەری\"، قوتابی پۆلی دووهەمی سەرەتایی لە شاری کرماشان، توانی لە کیبڕکێی نیگار کێشی لە وڵاتی میسر، پلەی یەکەمی کێبڕکێی نیگار کێشیی ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی کرماشان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە؛ لەو کێبڕکێیەدا کە لە ژێر ناوی\"خەمۆکی\"دا لە وڵاتی میسر بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە قوتابیانی سەرانسەری جیهان بەشدار بوون.

\"فەرید جەعفەری\" لە ڕەدەی تەمەنی ٨ هەتا ٩ ساڵدا ئەو ناز ناوە جیهانییەی بەدەست هێناوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پەردەوردە و بارهێنانی شاری کرماشان ڕایگەیاند: دروشمی ڕێکخراوی بیهداشت لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ڕۆژی جیهانی بێهداشت، \"وەرە با لە سەر خەمۆکی بدوێین\" بووە.

سولێمان موحێبی لە درێژەدا گوتی: یەکێک لە هۆکارەکانی دیاری کردنی دروشمی ئەمساڵ، پەرەسەندنی زۆری خەمۆکی و بێ‌تواناییەکانی دەرئەنجامی ئەم نەخۆشینەیە.

ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی (WHO)یەکێک لە ئاژانسە پسپوڕەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ڕۆڵی سەرچاوەیەک لە ڕێکخستنی لە سەر بێهداشتی کۆمەڵگای جیهانی هەیە و ئەو ڕێکخراوە لە ٩ی مانگی ئاوریلی ١٩٤٨ی زایینی لە وڵاتی سوئیس دامەزراوە.