قوتابیانی گوندەکانی شاری ماکۆ، بوونەتە توێژی لەبیرکراو+وێنە

14:26 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: قوتابیانی کورد لە ناوچەی ئازادی بازرگانی لە شاری ماکۆ، لە خراپترین دۆخی پەروەردەیی و بێ ئیمکاناتیدا سەرقاڵی خوێندنن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابخانەکانی ٥ گوندی ناوچەی ئازادی بازرگانی – سەنعەتی لە شاری ماکۆ، لە وەرزی زستاندا لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفت بەرەوڕوو بوونەتەوە.

لە گوندی \"یاریم قیە\" ٦٢ قوتابی لە ٣ پلدا سەرقاڵی خوێندنن، کە دووکەڵی کوورەی نەوتی، دڵۆپە و حەوشەی بێ پەرژین، بەشێک لە کێشە و گرفتەکانی قوتابخانە و قوتابیانی ئەو گوندەی لەخۆ گرتووە.

ئەم قوتابخانەیە، هیچ کەلوپەلێکی پەروەردەیی و وەرزشیی تێدانییە و تەنانەت ئەگەر کەلوپەلی وەرزشیشی هەبێت، بەڕێوەبەرانی قوتابخانە لە ترسی ئەو ئوتومبیلانەی کە لە رێگەی تەنشیت قوتابخانەکەوە هاتوچۆ دەکەن، قوتابیان لە پۆلەکەیاندا رادەگرن.

\"24646.jpg\"
٦٢ قوتابی لە ٣ پلدا سەرقاڵی، دووکەڵی کوورەی نەوتی، دڵۆپە و حەوشەی بێ پەرژین، بەشێک لە کێشە و گرفتەکانی قوتابخانە و قوتابیانی گوندەی\"یاریم قیە
لەو ناوچە سنوورییە، قوتابخانەی گوندی \"خەرمان یەری\" لە دۆخێکی هاوشێوەدایە و بەهۆی کەمیی پۆلی خوێندن، چایخانەکەیان کردووە بە پۆلی وانە وتنەوە.

بەرپرسی قوتابخانەکە وێرای ئاماژە کردن بەوەیکە سووتەمەنیی قوتابخانەکە لەلایەن بنەماڵەی قوتابیانەوە دابین کراوە، رایگەیاندووە؛ سەرەڕای ئەوەش چەندین جار داوای کەلوپەلی پێویستمان لە ئیدارەی پەروەردە کردووە، بەڵام بەداخەوە هیچ ئاوڕێکمان لێ نەدراوەتەوە.

قوتابخانەی گوندی \"نایب کەندی\" لەگەڵ کەمیی ئیمکانات بەرەوڕوو بۆتەوەو بەهۆی نەبوونی ئاودەست، قوتابیان بە ناچاری دەچنەوە بۆ ماڵی خۆیان و بەهۆیەوە کێشەی کات بۆ وانە وتنەوە دروست بووە.

هاوکات بەرپرسی قوتابخانەی \"قیرکەندی\"ی پولدەشت لە لیدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی تەسنیم، باسی لە سووتانی میچی دارەڕا (سقف پوشی با تیرک و الوار)ی قوتابخانەکە لە دوو سالی رابردوودا کردووەو رایگەیاندووە؛ \"ئەگەر ئەو یارمەتییەی خەلک نەبێت، روون نییە کە لە وەرزی زستاندا چیمان لێ بەسەر دێت\".

\"24648.jpg\"
بەرپرسی قوتابخانەی \"قیرکەندی\"ی: ئەگەر ئەو یارمەتییەی خەلک نەبێت، روون نییە کە لە وەرزی زستاندا چیمان لێ بەسەر دێت
تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکانی ئەو بەناو ناوچە ئازدە بازرگانییە، بەدەست بێ برقییەوە دەناڵێنن، بە شێوەیەک کە قوتابخانەی کانێکسیی گوندی \"ئەلهوورکەندی\"ی پولدەشت بە ٤٠ قوتابییەوە لە هەبوونی گاز و برق بێبەرییە.

خاڵی جێگەی سەرنج لە راپۆرتەدا ئەوەیە کە سەرەڕای بێبەری بونوی ئەو ناوچەیەی کوردستان، تێکڕای قوتابخانەکان ناوی بۆنە و رۆژە حکوومەتییەکانیان لەسەر داندراوە.

ناوچەی ئازادی بازرگانی – سەنعەتیی ماکۆ بە رووبەری زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هێکتار، وەکوو حەوتەمین ناوچەی ئازادی بازرگانی و ئابووریی ئێران ناسراوە و بە شوێنێک بۆ سەرمایەگوزاریی ناوۆیی و دەرەکی بە ئەژمار دیت.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، میدیا حکوومەتییەکان لە رۆژەکانی ناسراو بە \"دهە فجر\"دا، دەیان هەواڵی پەیوەندیدار بە کردنەوەی پرۆژەی بیناسازی بڵاو دەکەنەوە.