قوتابیانی گوندێکی سەوڵاوا، لەبەر خراپیی قوتابخانەکەیان مانیان گرت

18:08 - 13 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: قوتابیانی قوتابخانەی یەکێک لە گوندەکانی سەربە شارستانی سەوڵاوا، وەکوو ناڕزایەتی دەربرین بە رەوشی خراپی بینای قوتابخانەکە، مانیان گرتووە و و دایک و باوکیان وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕین دەچنە سەر پۆلی خوێندن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابیانی گوندی نسڵی سەربە شارستانی سەوڵاوا، ماوەی دوو رۆژە لەبەر خراپیی رەشی دیواری قوتابخانەکەیان، خۆیان لەچوونەسەر پۆلەکانی خوێندن، بواردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی دابردووەوەو هەتا ئێستا، دوو جار دیواری قوتابخانەی گوندی نسڵی رووخاوەو هەرچەند بە خۆشییەوە کەسی بەر نەکەوتووە، بەڵام دووپات بوونەوەی رووخانەی دیواری حەوشەی قوتابخانەکە، نیگەرانیی لای بنەماڵەی قوتابیان دروست کردووە.

\"24517.jpg\"
خراپی دۆخی قوتابخانەکانی کوردستان
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، دایک و باوکی قوتابیان لە جێگەی منداڵەکانیان چوونەتە سەر پۆلەکانی خوێندن و رایاانگەیاندووە، هەتا کێشەی رووخانی دیواری قوتابخانەکە یەکلایی نەبێتەوە و زەمانەتی گیانیی منداڵەکانیان نەکرێت، منداڵەکانیان نانێرنەوە بۆ قوتابخانە.

رووخانی قوتابخانە و بێ ئیمکاناتی لە قوتابخانەکانی کوردستان لە کاتێکدایە، کە بەرپرسان و حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە، ماوەی چەند رۆژە لە ناوچە کوردنیشینەکانی ئێران بە قوتابخانەکاندا دەگەڕێن و چاوەدێریی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی \"دهەفجر\" لە قوتابخانەکاندا دەکەن.

هەروەها لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئیدارەی پەروەردەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە بەخشنامەیەکدا بەرپرسی قوتابخانبەکانی ئاگادار کردبوویەوە، کە لەسەر تێچووی قوتابیان و بە باشترین شێوە رێوڕەسمی \"دهەی فجر\" لە قوتابخانەکاندا بەڕێوە بەرن.

ناچار کردنی بەرپرسی قوتابخانەکان بۆ بەرێوەبردنی رێوڕەسمی دهەی فجر لەسەر تێچووی قوتابیان لەکاتێکدایە، کە بەشیکی بەرچاو لە قوتابخانەکان لە ناوچە کوردنشینەکان بەدەست بێ ئیمکاناتی و کەرەسەی گەرمکەرەوەی ناستانداردەوە دەناڵینن.

ئارام.ح