قوتابیانی مەریوانی بەنیشانەی هاودەردەی لەگەڵ \"ماهان\" سەری خۆیان تاشی+وێنە

12:58 - 6 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای هەڵوێستی مامۆستای كوردی قوتابخانەی شێخ شەڵتووتی مەریوان لەمەڕ هاودەردی لەگەڵ قوتابییەكەی تووشبوو بە شێرپەنجە، سەرجەم قوتابیانی پۆلی دووەمی سەرەتایی ئەو قوتابخانەیە سەری خۆیان تاشی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، قوتابیانی مامۆستا محەممەد عەلی‌محەممەدیان لە مەریوان هەڵوێستێكی ئینسانیان لەخۆیان نیشان داو هاودەردی خۆیان لەگەڵ هاوپۆلەكەیان \"ماهان\" دەربڕی.

ماوەیەک لەمەوبەریش مامۆستا محەممەد بەنیشانەی هاودەردی لەگەڵ \"ماهان\" سەری خۆی تاشی و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوی كردبوویەوە.

ئەو مامۆستا كوردە نووسیبووی: \" سەری من و ماهان بە قژە سەر حەساسە\" و هەر بۆیە منیش تاشیومە.

ئەو هەڵوێستەی مامۆستا محەممەد عەلی محەممەدیان وای كرد، كە سەركۆماری ئێران رێزی لێبگرێ‌و هەروەها وێنەكەشی بەسەر تاشراویشەوە لەگەڵ \"ماهان\" لەسەر تەمر چاپ كراوە.

بەوتەی کەسانی ئاگادار، سەرەڕای ئەوەی مامۆستا محەممەد عەلەی محەممەدی داوای لەقوتابیان كردووە كە بەو وەرزەی سەرمایە سەری خۆیان نەتاشن و ئەگەری ئەوە هەیە تووشی نەخۆشی ببن، بەڵام قوتابیان هاودەردی لەگەڵ هاوپۆلەكەیان بۆ گرینكتر بووە و سەری خۆیان تاشیوە.

محەممەد عەلی محەممەدیان خەڵكی شاری مەریوانە و زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێشینەی وانە وتنەوەی لە قوتابخانەكاندا هەیە و زۆربەی تەمەنی مامۆستایەتیشی لە گوندەكان بەسەر بردووە.

بەپێی ئاماری بەشی تەندروستی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئوستانی کوردستان، لەحاڵی حازردا یەک هەزار و ٥٢٨ تووشبووی شێرپەنجە لەئوستانی کوردستان‌دا هەیە.

وێنە: تەسنیم
\"18072.jpg\"

\"18073.jpg\"

\"18071.jpg\"

\"18074.jpg\"