قوتابیانی شاری کامیاران بەدەست کەمیی سووتەمەنیەوە دەناڵێنن

13:48 - 29 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بەشێکی بەرچاو لەقوتابخانەکانی شاری کامیاران لەوەرزی سەرمادا لەگەڵ کێشەی کەمیی سووتەمەنی بەرەوڕوون.

لەو بارەیەوە جێگری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارستانی کامیاران بە هەواڵدەریی \"فارس\"‌ی راگەیاندووە، بەشێک لەقوتابخانەکان لەگەڵ کەمیی سووتەمەنی و کەلوپەلی گەرمایی بەرەوڕوون و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماش ئاریشەی بۆ قوتابییان دروست کردووە.

ئەو بەرپرسە وتوویەتی : لەحاڵی حازردا قوتابیانی ئەو شارە لەوەرزی سەرمادا بەدەست کەمیی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن.

ئەو وتانە لەحاڵێکدان، کە ماوەیەک لەمەوبەر بەرپرسی شیرکەتی گازی ئوستانی کوردستان، دانیشتوانی ئەو ئوستانەی لە دابین کردنی سووتەمەنی گاز دڵنیا کردبوویەوە و راشیگەیاندبوو، لەوەرزی سەرمادا هیچ کێشەیەک بۆ هاووڵاتیان و قوتابخانەکان نایەتە پێش.

هەموو ساڵێک لەدەسپێکی ساڵی خوێندن و هاتنی وەرزی سەرمادا بەرپرسانی قوتابخانەکان بڕە پارەیەک لە قوتابیان وەردەگرن و بەوتەی خۆیان ئەو پارەیە بۆ کڕینی کەلوپەلی ناو پۆڵەکان و هەروەها دابین کردنی سووتەمەنی سەرەف دەکەن.

چەند رۆژ لەمەوبەر ئیدارەی پەروەردەی شاری تیکاب لە بەخشنامەیەکدا سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو شارەی ئاگادار کربووە، کە دەبێ لە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن پارە وەربگیرێت.

مانگێک پێش ئێستاش بەرپرسی قوتابخانەی \"سالمی ٢\"ی گوندی \"عەلیاباد\"ی شاری بۆکان بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردەی شاری بۆکان، داوای ٥٠ هەزار تمەن پارەی لە قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە کردبوو.

لە قوتابخانەی \"سەلاحەدینی ئەیوبی\" شاری مەهابادیش پارە لەقوتابیان وەرگیرابوو.