قوتابیانی تیکابی بۆ مانەوە لە قوتابخانە دەبێ مانگانە ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن بدەن

15:46 - 25 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا:  لە ماوەی ساڵی خوێندندا بەبێ لەبەر چاو گرتنی ئەو بەخشنامەی وەزارەتی پەروەردە و یاسا بنەڕەتیی وڵاتی ئێران، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە پارە لە قوتابییان وەردەگیرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی پەروەردەی شارەی تیکاب لە بەخشنامەیەکدا سەرجەم قەتابخانەکانی ئەو شارەی ئاگادار کردۆتەوە، کە دەبێ لە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن پارە وەربگیرێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، بەرپرسی قوتابخانەکان بەسەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی شاری \"تیکاب\"یان راگەیاندووە \" ئەگەر دەتانهەوێ بخوێنن و لە قوتابخانە بمێننەوە، دەبێ مانگانە بڕی ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن بە خوێندنگەکانیان بدەن\".

سەرچاوەکە وتیشی \"بەرپرسی قوتابخانەکان بە پێی باری دارایی بنەماڵەی قوتابیان بڕە پارەیەکیان لە نێوان ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن دیاری کردووە و قوتابیان دەبێ مانگانە ئەو پارەیە بە قوتابخانەکان بدەن\".

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا بەرپرسی قوتابخانەی \"سالمی ٢\"ی گوندی \"عەلیاباد\"ی شاری بۆکان بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردەی شاری بۆکان، داوای ٥٠ هەزار تمەن پارەی لە قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە کردبوو\".

هەموو ساڵێک لەبەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان و لە کاتی ناونووسیی قوتابییاندا، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بە ناردنی بەخشنامەیەک بۆ سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان، وەرگرتنی هەر چەشنە پارەیەک لە قوتابییان قەدەغە رادەگەیەنێت.

ئەستاندنی پارە لە قوتابییان لە کاتێک دایە کە بەپێی مادەی ٣٠ یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبێ سەرجەم پێداویستی و ئیمکاناتی قوتابخانەکان بەبێ بەرامبەر لە خزمەت قوتابییاندا بێت.