٨٧ قوتابخانە لە شارەکانی دیواندەرە و قوروە لە بەرەبەری تێکڕووخان‌دان

13:26 - 26 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: قوتابخانە \"پرتووکاو\"ـەکان بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پەورەدە لە ناوچە کوردنشیەنکانی ئێران ئەژمار دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەنووکە ٩٠ قوتابخانە لە دوو شاری سەربە ئوستانی کوردستان، کە حەشیمەتیان لە ٢٢٠ هەزار کەس زیاترە، لە \"حاڵی تێکرووخان\"دان و بەپرسانی پەیوەندیدار ئەم دۆخەیان بە جێی نیگەرانی لە قەڵەم داوە.

بەوتەی فەرمانداری شاری قوروە، هەنووکە ٤٧ قوتابخانەی خراپ بوو لەو شارەدا هەیە، کە نەبوونی بودجە بە گرینگترین هۆکاری زیادبوونی ئەم دۆخ و ئامارە دادەندرێن.

محەمەد رەسووڵ شێخی زادە لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا رایگەیاندووە، هەنووکە ٩ قوتابخانە لە بەخشی سریش‌ئاوا دروست کراون و ١٨ پرۆژەی ئیدارەی پەروەردەی شاری قوروەش بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

هەروەها بەپێی راپۆرتەکان، هەنووکە ٤٠ قوتابخانەی شاری دیواندەرە پێویستیان بە تەعمیر و نوێژەن کردنەوە هەیە.

ئاماری ئەو قوتابخانانەی کە لە شاری دیواندەرە لە بەرەبەری رووخان و خراپ بوون دان، لەلایەن فەرمانداری ئەو شارەوە بڵاو کراوەتەوە و هاوکات نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی لە راستای بردنەسەرەوەی ئاستی زانستی قوتابیان لە قەڵەم داوە.

لە ماوەی ئەمساڵدا هەزار و ٨٥٠ ملیارد تمەن بۆ رێکخراوی پەرەپێدان و نوێکردنەوە قوتابخانەکان تەرخان کراوە، کە تەنیا ٣٠٠ ملیارد تمەن لەو بودجەیە سەرف کراوە.

دیاریکردن و دابین کردنی کەلووپەلی ستانداردی پەروەردە بە مەبەستی داهێنان لە شێوازەکان پەروەردەدا بە یەکێک لە ئەرکەکانی رێکخراوی توێژینەوە و پلان‌ڕێژیی پەروەردە دادەندرێت.