قوتابخانەی سێ گوندی ناوچەی سەڵماس ٥ رۆژە سووتەمەنییان نییە

15:44 - 5 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ماوەی ٥ رۆژە قوتابخانەی سەرەتایی سێ گوندی ناوچەی سەڵماس بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکانیان، لە بەرەبەری داخراندان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، قوتابخانەی گوندەکانی \"ئوربان، هدر و سێڵاو\"ی سەربە شاری سەڵماس سووتەمەنییان لێ بڕاوە و قوتابییان بە ناچاری بۆخۆیان سووتەمەنیی قوتابخانەکان دابین دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، بنەماڵەی قوتابییان رایانگەیاندووە هەتا ئەو کاتەی کە وەزارەتی پەروەردە سووتەمەنیی قوتابخانەکان دابین نەکات، ئامادە نین منداڵەکانیان رەوانەی قوتابخانە بکەنەوە.

ساڵی رابردووش لە حاڵێکدا قوتابخانەی چەند گوندێکی ناوچەی هەورامانی تەخت بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی لە وەرزی زستاندا بەرەوڕووی داخران بوونەوە، ئەوەش لەحاڵێکدا بوو کە پێشتریش بەرپرسانی قوتابخانە بڕە پارەیەکیان بۆ دابین کردنی سووتەمەنیی لە قوتابیان وەرگرتبوو.