قلیان، لە كرماشان درگایەكی نوێ بە ڕووی مادە هۆشبەرەكاندا دەكاتەوە

14:37 - 27 رێبەندان 2715
ئاژانس كوردپا: بوونی قلیان لە شوێنە گشتییەكانی شاری كرماشاندا، بۆتە بیانوویەك بۆ فرۆشتن و بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و هەروەها خواردنەوە ئەلكولییەكان.

بەهمەن خودادادیان، شارەزا و بەرپرسی تەندروستیی ژینگەی شاری كرماشان لە وتووێژێكدا لەگەڵ هەواڵدەریی حكوومەتیی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: \"لە هێندێك لە شوێنە گشتییەكاندا كە قلیان بە كار دەهێنرێت، مادە هۆشبەرەكان و خواردنەوە ئەلكولییەكانیش دەخرێنە بەر دەستی مشتەرییەكان\".

خودادادیان وێڕای ئاماژە بە بوونی ١٢٠كافە لە نێو شاری كرماشاندا وتی: \"بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە، لە ٣٠%ی كافەكانی نێو شاردا جگەرە دەفرۆشرێت و ئەوەش بەهۆی سوودێكی زۆرە كە لە فرۆشتنی جگەرەوە بە دەستی دەهێنن\".

پێشتر ئاژانسی هەواڵی كوردپا لە ڕاپۆرتێكدا بە گێڕانەوە لە دوكتور حوسەین كەریم، سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی كرماشان وێڕای ڕاگەیاندنی پەرەسەندنی جگەرە لە نێو قوتابیانی دەبیرستانیدا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئیدارەی پەروەردە و فێركردنی بە هۆكار و تاوانباری ئەو بارودۆخە لە قەڵەم دابوو.

منداڵانی ئێران لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەچنە ڕیزی كەسانی جگەرەكێش و لەو پێوەندییەدا ٣ تا ٥%ی كچان لە ساڵانی یەكەمی خوێندنی زانكۆدا و ٦ تا ٨% لەوانەش لە ساڵەكانی بەرەو كۆتایی خوێندندا دەست بە كێشانی جگەرە دەكەن.

لینك پەیوەندیدار:
بڵابوونەوەی جگەرە لە نێو قوتابییانی دواناوەندی لە کرماشان لە پەرەسەندن دایە