قرتاندنی دەستی کرێکارێکی تیکابی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی ڕاگواستن بۆ نەخۆشخانە

11:38 - 11 رەشەمه 2721

بەرپرسی شورای شاری تیکاب لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی، باسی لە قرتاندنی دەستی کرێکارێکی خەڵکی ئەو شارە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی ڕاگواستن بۆ نەخۆشخانە و وەرنەگیرانی لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و زەنجان، کرد.

"ڕۆقیە بەراتی" ڕایگەیاند: "ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمە، یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی کارگەی ئیسفاڵتی تیکاب، تووشی ڕووداوی کار بووە و لەو ڕووداوەدا دەستی قرتا".

ئەو بەرپرسەی شورای شاری تیکاب ڕایگەیاند: "ئەو کرێکارە لەو ڕووداوە لە کاتی کارکردن باسکی قرتاوە و نەخۆشخانەی تیکاب بەهۆی نەبوونی ئیمکانات، دەبا هەتا ٦ کاتژمێر دەستی ئەو کرێکارە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت و دەستی پەیوەند بدرێتەوە".

ڕۆقیە بەراتی هەروەها دەڵێت: "ناوەندی دەرمانیی تیکاب بەهۆی ناستانداردبوونی و نەبوونی ئیمکانات هەوڵمان دا ئەو کرێکارە لە نەخۆشخانەی ورمێ وەربگیرێت، بەڵام نەخۆشخانەی ورمێ، لە وەرگرتنی ئەو کرێکارە خۆی بوارد".

بەرپرسی شورای شاری تیکاب هەروەها لەو بارەیەوە وتی: "سەرەڕای وەرنەگرتنی ئەو کرێکارە لەلایەن نەخۆشخانەی ورمێیەوە، ناچار بووین داوای یارمەتی وەکوو فڕۆکە بۆ گواستنەوەی ئەو کرێکارە لە نەخۆشخانەی زەنجان بکەن، بڵام ئەوانیش ڕایانگەیاند، ناتوانن فڕۆکەیان بۆ بنێرن چونکە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ دەگەڕێتەوە".

"ڕۆقیە بەراتی" لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "کاتژمێر ٤ و نیو دوانیوەڕۆ، لەسەر ڕەزامەندیی بنەماڵەی ئەو کرێکارە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاران کرا و لە نەخۆشخانەی شوهەدای تاران دەستی ئەو کرێکارە قرتێندرا".