قاچاغی سمۆرە لە کوردستان جۆرێکی دیکە لە کاسبی کردنە

14:58 - 20 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: قاچاغی سمۆرە لە کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پەرەی سەندووە و ئەمەش بووتە هۆی جۆرێک لە کاسبی کردن لە لایەن کەسانی بەرژەوەندیخوازەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە، لە نزیکی شاری بیجاڕ، لە نێو تۆپە پارچە ١٠٠ سمۆرە دۆزراونەتەوە، کە لە لایەن چەند هاووڵاتییەکەوە لە دارستانەکانی شاری بانە گیرابوون.

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەپارێزی شاری بیجاڕ رایگەیاند: ئەو ١٠٠ سمۆرەیە لە نێو تەلیسە برنجدا بوون، کە لە خاڵی پشکنین لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارەوە دۆزراونەتەوە و ڕەوانە دارستانەکانی شاری بانە کراون.

سادق شەهنەوازی هەروەها ڕایگەیاند: ئەو ١٠٠ سمۆرەیە لە لایەن کەسانێکی بەرژەوەندیخواز لە لێڕەوارەکانی شاری بانە بە مەبەستی ڕەوانە کردنیان بۆ بازاڕەکانی شارە ناوەندەییەکان ئێران گیرابوون.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لەو پەیوەندییەدا، کەسێک دەسبەسەر کراوە و ڕادەستی دەزگای قەزایی کراوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بەپێی یاسای سزای بەزیندوویی گرتنی هەر سمۆرەیەک بڕی ٨٠٠ هەزار تمەنە.

قاچاغی سمۆرە لە کوردستان، دەبێتە هۆی لەنێوچوونی زەنجیرە داربەڕووەکانی زاگرۆس.

لە بازاڕەکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران نرخی هەر سمۆرەیەک ٦٠٠ هەزار هەتا یەک میلیۆن تمەن مەزەندە دەکرێت.