قاسم ڕەزایی: پشتیوانی لە کۆڵبەران بوار بۆ چالاکیی کەسانی بەرژەوەندیخواز دابین دەکات

21:07 - 3 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: فەرماندە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرانی ٣٠ ئەسپ و هێستری کاسبکارانی کورد لە سنووری پیرانشار لە لایەن هێزەکانی سنوورپارێزەوە پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی دوو شەممە ٢ی گەلاوێژ، قاسم ڕەزایی، فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکان لە لێدوانێکدا لە شاری بووشەهر ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند.

بە وتەی ناوبراو \"٣٠ سەر ئەسپ و هێستر کە هەڵگری شتومەکی قاچاغ وەک چەک‌وچۆڵ و ئەدەوات و کەرەستەی تەقینەوەیی لە باکووری ڕۆژئاوای\" ئێران بوون لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە دۆزرایەوە و دەستی بە سەردا گیرا.

قاسم ڕەزایی ڕەخنەی لە هێندێک لە بەرپرسان کە پشتیوانی لە\"قاچاغچی شتومەک و چەکوچۆڵ و کۆڵبەر دەکەن، گرت و گوتی: ئەو کەسانەی که پشتیوانی لە کۆڵبەران دەکەن، بوار بۆ چالاکیی کەسانی بەرژەوەندیخواز دابین دەکەن.

فەرماندەی سنوورپارێزەکانی هێزی ئینتزامیی لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتوویەتی: \"سەرەداوگەلێک بوونی هەیە کە قاچاغچیەکان چەک و ئەدەوات لە سنووری باکووری ڕۆژئاوای ئێران به گرووپگەلێک پەیوەندی دەدات کە ئێمە هەنوکە بە شوێن دۆزینەوەی ئەوان داین\".

ئەو فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکان باسی لە \"داخستنی سنوورەکان\" لە لایەن سنوورپارێزەکانەوە کرد.

شەوی هەینی ٣٠ی پووشپەڕ، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئینتزامیی لە کاسبکارانی کورد لە ناوچەی پیرانشار بوو بە هۆی کوژرانی ٣٠ سەر ئەسپی کاسبکاران.

وتەکانی ئەو فەرماندە نیزامییە لە کاتێکدایە کە هێزە سنوورپارێزەکان بە گومانی \"هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ\" بە شێوەی بەردەوام تەقە لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە کوردستان دەکەن.

هێزە سنوورپارێزەکان بەبێ لە بەرچاوەگرتنی یاسای بەکارهێنانی چەک، کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد دەکەن ئامانج و کە ساڵانە دەیان هاووڵاتیی کورد دەبنە قوربانی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە سنوورپارێزەکان.

تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاغ هەڵناگرن.

بەپێی ئاماری کوردپا لە ساڵی ٩٥، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و ... کوژراو یان بریندار بوونە.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشل کردنی خودی یاساکەیە.

پێشتر ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد،سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران و رەوتی بێ ئەنجامی پەروەندەکەیان گوتی؛ ئەگەر ئەم تێبینی و ماددە یاساییانە لەبەر چاو نەگیرێن، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە، ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت، کە حوکمەکەی سێدارە دەبێت.

محەمەد ساڵح نیکبەخت ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران بەشێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون.