قارەمان کەریمی: حەوت چالاکەکەی شاری پاوە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە

21:28 - 5 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی رابردوودا حەوت چالاکی فەرهەنگیی کورد لە شاری پاوە بە تۆمەتی \"چالاکیی تەبلیغی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک\" هەرکام حوکمی ٦ مانگ زیندانیی تەعزیریان بۆ پشتڕاست کرایەوە.

قانع حاتەمی، موعتەسەم شافعی، جهانبەخش ئەحمەدی، بابەک عەباسی، محەممەد نیگاری، ئاراس حاتەمی و گۆران بەهرامی لە رێکەوتی ٢٢ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، دادگای ئینقلابی شاری پاوە هەر کامەیانی بە ٦ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد و لە رێکەوتی ٢٢ی مانگی رەشەمە حوکمەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کرماشان پشتڕاست کرایەوە.

\"19026.jpg\"
قارەمان کەریمی پارێزەر لە دادگاکانی ئوستانی کرماشان
قانع حاتەمی و محەمەد نیگاری کارمەندی ئیدارەی کاروباری سینفیی شاری پاوە بوون، کە ساڵی رابردوو پاش ئەوەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی دەستبەسەری بوونەوە، دەستبەجێ لەسەر کار دەرکران.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ بەدواداچوون و روونبوونەوەی تاوانی ئەو حەوت چالاکە کوردە دیمانەیەکی لەگەڵ پارێزەری دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردانە پێکهێناوە.

قارەمان کەریمی پارێزەر لە دادگاکانی ئوستانی کرماشان، رایگەیاند؛ موعتەسەم شافعی، جهانبەخش ئەحمەدی، ئاراس حاتەمی و بابەک عەباسی تەنانەت یەک وشەیان بە قازانجی هیچ حیزب و لایەنێک لە فەیسبووکدا نەنووسیوە، بۆیە ئەو حوکمەی دادگا بەڕاستی منی تووشی سەرسووڕمان کردووە.

هەروەها دەشلێت، تەنانەت هیچ شتێکش لە پەروەندەکەیاندا بەدی ناکرێت، کە بەو هۆیەوە بە زیندان مەحکووم بکرێن.

\"19025.jpg\"
حوکمی شەش مانگ زیندانیی تەعزیری ئاراس حاتەمی، گۆران بەهرامی و قانع حاتەمی پشتراست کرایه‌وه
ئەو پارێزەرە کوردە ئەوەشی خستەڕوو، جهانبەخش ئەحمەدی تەنیا تۆمەتی بۆ نوێ کراوەتەوە، کە پێشینەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر بەو هۆیەوە زیندانی کراوە.

کەریمی سەبارەت بەوەیکە، قانع حاتەمی و محەمەد نیگاری، کە کارمەندی ئیدارەی کاروباری سینفی بوون، لەسەر کار لابردران، گوتی؛ من تەنیا لە قۆناغی پێداچوونەی حوکمەکەیاندا پارێزەریی پەروەندەکەیانم بە ئەستۆ گرت، بەڵام ئاگاداری ئەوەم کە ئێستا لەسەر کار دەرکراون.

مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ٢٢ چالاکی فەرهەنگیی شاری پاوە لە درێژەی رەوتی دەستبەسەرکرانی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد لە شارەکانی کوردستانی ئێران، دەستبەسەر کران.

دەستبەسەر کرانی ئەو چالاکە فەرهەنگییانە لە کاتێکدا بوو، کە ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی لەمەڕ سووکایەتیی مەلاقادر قادری بە زمانی کوردی هەلوێستیان نواند.

\"19024.jpg\"
دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کرماشان حوکمی شەش مانگ زیندانیی تەعزیری موعتەسەم شافعی، جهانبەخش ئەحمەدی، بابەک عەباسی و محەممەد نیگاری پشتراست کردەوە
رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار مەلا قادر قادری نوێنەری \"وەلی فەقێ\" لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی \"مامە عەلی رەحمانی\" کەسایەتی ناسراوی ناوچەی هەورامان، وێرای سووکایەتی بە پەیامی کوردیی سەرەخۆشیی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی ئەو شارە، پەیامەکەیانی بە گاڵتەجاڕ و دژە ئایین لە قەڵەم دابوو.

نوێنەری وەلی فەقێ لە شاری پاوە لە رێوڕەسمە ماتەمینییەدا هەرەشەی لە چالاکانی فەرهەنگی کردبوو، کە دەبێ لەبەر دەم دادگادا وڵامدەر بن، کە دوابەدوای هەڕەشەی نوێنەری وەلی فەقێ ٢٢ کەس لە چالاکانی فەرهەنگیی شاری پاوە دەستبەسەر و بەرەوڕووی حوکمی زیندان بوونەوە.

هاووڵاتییانی شاری پاوە بە چەندین جار باسیان لەوە کردووە، کە نوێنەری وەلی فەقێ کە هاوکات بەرپرسی شۆرای حەللی ئیختلافی شاری پاوەیە) بە ئاشکرا لە کاروباری دادگا، ناوەندە ئەمنییەکان، شارەوانی و فەرمانداری‌دا دەستێوەردان دەکات و لە ساڵانی رابردوودا چەندین چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی لەسەر داوای مەلا قادر بە زیندان مەحکووم کراون.