قات و قڕی رووی لە کوردستان کرد

17:27 - 30 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بڕیاری شۆرای ئارد و نانی شارەکانی کوردستان سەبارەت بە کەم کردنەوەی سەهمییەی ئاردی نانەواخانەکان، زۆربەی نانەواییەکان بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا، نان لە شارەکانی کوردستان وەک سەرەکی‌ترین ماددەی خۆراکی رووی لە کەمی کردووە بەشێوەیەک زۆربەی هاووڵاتییان بۆ دابین کردنی ئەو ماددە خۆراکییە بەرەوڕووی گرفت دەبنەوە.

هاوکات زۆربەی نانەواییەکان، نەدانی ئاردیان لەلایەن \"شۆرای ئارد و نان\"ەوە وەک هۆکاری سەرەکیی کەمیی نان لە قەڵەم داوە و بەو هۆیەوە نرخی نان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر چوونە سەرێی بەخۆیەوە بینیوە.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییان بەهۆی هەست بە مەترسیی قات و قڕی, رێژەیەکی بەرچاو \"نان\"یان پاشەکەوت کردووە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەی کەمیی نان لە بازاڕەکان دێتە ئەژمار.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڵاوبوونەتەوە، لە شارەکانی \"شنۆ، پیرانشار، سەقز، دیواندەرە، دێولان، روانسەر، بۆکان، جوانڕۆ، سنە، تیکاب و مەریوان\" نان رووی لە کەمی کردووە و تەنانەت لە زۆر شوێن دەست ناکەوێت و ئەمەش نیگەرانیی قوڵی لای دانێشتوانی ئەو شارانە دروست کردووە و هاووڵاتییانیش بە گرانی و قات و قڕییان لەقەڵەم داوە.

کەمیی نان لە حاڵێک دایە، کە هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک سەبارەت بە چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە لەلایەن ناوەند و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەڵنەگیراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ خاوەن نانەواییەکانی شاری مەریوان لەلایەن \"شۆرای ئارد و نان\"ی ئەو شارەوە بانگهێشت کرابوون و پێیان راگەیەندرابوو کە پێویستە رۆژانە تەنیا ٨ کیسە ئارد لە کار بکەن.

ئەم هەڵوێستەی شۆرای ئارد و نان لە حالێک دایە کە پیشتر هەر نانەواییەک ١٦ کیسە ئاردی لە رۆژێکدا لە کار دەکرد.

هەروەها یەکێک لە بەرپرسانی ستادی تەعزیراتی ئار و نانی شاری \"تیکاب\" بە هەواڵدەریی \"مێهری راگەیاندووە، پاش بەرنامەی ئامانجدار کردنی یارانەکان، سەهمیەی مانگانەی ئاردی ئەو شارە لە \"٨١٢ تۆن\"ـەوە بۆ ٥٦١ تۆن کەمی کردووە.