فەوتانی سەرچاوە سروشتییەکان لەورمێ لەپەرەسەندن دایە

16:27 - 2 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: رەوتی ئاگرکەوتنەوەکان لەلێڕەوارەکانی ناوچەکانی باکووری کوردستان، کێشەی گەورەی بۆ ژینگە ئەو ناوچەیە دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٧ساڵی رابردوودا، رەوتی لەناوچوونی لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان، لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو دووقات بووەتە، کە ئاگر کەوتنەوە بە یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی لەناو چوونی لێڕەوارەکان دێتە ئەژمار.

سەرپەرەستی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا باسی لەوە کردووە، لەئەنجامی کەمتەرخەمیدا ئاگرکەوتنەوەکان دووقات زیادی کردووە، بەچەشنێک کە لەمانگی خاکەلێوە و بانەمەڕدا چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچانە رووی داوە.

هەواڵدەریی مێهر لەزاری رەحمان وەهاب‌زادە باسی لەنەبوونی ئیمکاناتی ئاگرکوژێنەوەی وەک \"هێلیکوپتێر\" کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە رووی لەزیادبوون کردووە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە بەبێ ئاماژە بە ئامار و رێژەی ئاگرکەوتنەوەکان وتوویەتی: کەرەسە و ئیمکاناتی ئاگرکوژینەوەی ئوستانی ئازەربایجان رۆژئاوا زۆر کەمە و وڵامدەر نیە.

رووبەری دارستانەکانی ئەو پارێزگایە زیاتر لە ١٠٠هەزار هێکتار خەملێنراوە.

لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا لەشاری سەردەشت ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە ١٠ هێکتار دارستانی لەناو برد و دەوترێت کە خەڵکی ناوچەکە رۆڵی سەرەکیان لەکونتڕۆڵ کردنی ئاگرەکەدا هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە لە ناوچوونی دارستانەکانی کوردستان لەگەڵ کێشەیەک بە ناوی (زمین‌خواری) بەرەوڕوو بووەتەوە،کە کەسانی هەلپەرەست و ناوەندە حکوومەتییەکان بە کڕینی زەمین و عەرز، خانوو و بینا بە شێوەی نایاسایی لەو شوێنانە ساز دەکەن.