فەرهەنگی تایبەت بە وشە و دەستەواژەی مافی نێونەتەوەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

15:24 - 31 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرهەنگی تایبەت بە وشە و دەستەواژەی مافی نێونەتەوەیی, لە لایەن مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ و دانیشتووی باکووری کوردستان بە چوار زمانی زیندووی جیهان چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سابیر عەبدوڵڵازادە، مامۆستای زانکۆ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ و دانیشتووی کوردستانی تورکیە، فەرهەنگی تایبەتی وشە و دەستەواژی مافی نێونەتەوەیی بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی و تورکی چاپ و بڵاو کردەوە.

\"\"سابیر عەبدوڵڵازادە
ئەو فەرهەنگە ١٢٢٤ وشە و دەستەواژی مافی نێونەتەوەیی لە خۆ دەگرێت و لە دووتۆی کتێبکی ٢٢٤ لاپەڕەییدا چاپ کراوە.

هەزار بەرگ لەو فەرهەنگە لە لایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی \"سیتاو\" لە کوردستانی باکوور چاپ کراوە و بۆ یەکەمین جارە کە فەرهەنگی وشە و دەستەواژەی نێونەتەوەیی بە زمانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی و تورکی چاپ دەکرێت.

سابیر عەبدوڵڵازادە، ساڵی ١٩٨٧ی زایینی لە دزەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ لە دایک بووە و ساڵی ٢٠١٤ی زایینی دوکتورای لە بواری مافی نێونەتەوەیی لە زانکۆی هەمەدان وەرگرتووە.

ناوبراو دواتر وەکوو مامۆستای زانکۆ لە شاری مەهاباد، خەریکی وانەوتنەوە بووە و بە هۆی چالاکی سیاسی و گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان ساڵی ٢٠١٦ی زایینی لە زانکۆ دەرکرا و بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشتووە و هەنووکە دانیشتووی کوردستان باکوورە.