فەرهەنگیانی ناڕازی سەقز لە پۆستە بەڕێوبەرییەکانیان وەلا نران

22:15 - 16 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز فەرهەنگیانی ناڕازی بانگ کرد و لە کار و بەڕێوبەرییەکانیان هەڵیانپسارد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە لایەن حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، بەڕێوبەرانی ناڕازی لە هەمبەر گۆڕینی لەناکاوی بەرپرسی ئەم ئیدارەیە و فەرهەنگیانی بەشداربوو لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بانگهێشت کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: دوای کۆبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە شوێنی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر گۆڕینی لەناکاوی بەرپرسی ئەم ئیدارە، حەراسەت مامۆستایانی ناڕازی بانگهێشت کردبوو و داوای لێ کردبوون بە شێوەی نووسراو پەشیمانی خۆیان دەرببڕن و لە هیچ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە داهاتوودا بەشداری نەکەن.

\"\"
سەلاح حوسێنی
لە درێژەدا هەمان سەرچاوە وتی: هەندێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە کارەکانیان و پۆستە بەڕێوبەرییەکانیان دوور خراونەتەوەو لە داهاتوودا هیچ جۆرە پۆستێکی بەڕێوبەریشیان پێ نادرێت.

بە وتەی ئەم سەرچاوە \"سەلاح حوسێنی\" چالاکی پیشەیی و مەدەنی شاری سەقز لە پۆستی بەڕێوبەری قوتابخانەی دواناوەندی شاهدی شاری سەقز وەلا نراوە و چالاکە پیشەیی مەدەنیەکانی دیکەی بەشداربوو لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن حەراسەتەوە بانگ کراون و بە شێوەی نووسراو سزا دراون، هەتا لە داهاتوودا بە شێوەی پێویست لەگەڵیان مامەڵە بکرێت.

هەمان سەرچاوە سزا و و هەڵاواردنەکانی فەرهەنگیانی ناڕازیی ئەمانەی خوارەوە ڕاگەیاند:

-لابردنی کەسانێکی خاوەن پۆستی بەڕێوبەریی و جێگری بەڕێوبەریی
-هەڵاواردنییان لە وەرگرتنی هەر جۆرە پۆستێکی بەڕێوبەریی و جێگری بەڕێوبەریی لەگەڵ بوونی توانا و لێهاتووییەکانی ئەم کەسانە.

-هەڕەشە لێکردنیان بە سزا دانی توندی ئەمنییەتی و لە کاتی دووبارە بوونەوە هەر جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێک لە داهاتوودا و ناردنی دۆسییەکانیان بۆ بەڕێوبەرایەتیی سەرپێچییە ئیدارەییەکان و هەڵاواردن و سزا دانی زیاتریان.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەرمانان، ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی شاری سەقز لە پەیوەندی لەگەڵ دوورخستنەوەی لەناکاوی موهەندیس محەممەد بروومەند، بەرپرسی پێشووی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەڕێوبەرانی ناڕازی دەڵێن: هاوڕا نەبوونی بەرپرسی پەروەردە و بارهێنان لەگەڵ بەرپرسانی دیکە بەتایبەتی موحسێن بیگلەری نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیس، بووە هۆی ئەوەی کە موهەندیس محەمەمەد بروومەند لە کارەکەی وەلا بنرێت و کەسێکی دیکە لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتیی لە جێگەی دابنرێت.

بەڕێوبەرانی ناڕازی ئەم کارەیان بە دەستێوەردان لە کارەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە قەڵەم دا.

فەرهەنگیانی ناڕازی ئەم کارەیان بە \"بێڕێزی بە کۆمەڵگای فەرهەنگیی سەقز پێناسە کرد.