فەرهاد عەبدوڵڵاپوور بۆ زیندانی شنۆ گوازرایەوە

21:13 - 22 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ پاش ٧٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات بۆ زیندانی شاری شنۆ گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانان، فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام پاش لێپرسینەوە لە دادگای شنۆ بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی عەبدڵڵاپوور بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرهاد سەردانی زیندانی شاری شنۆیان کردبوو.

پێشتر ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامیکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور بە بنەماڵەکەی خۆیان دەبوارد و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی لێ کەوتبووە.

ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵڵاپوور\"، برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.