فەرهاد عەبدوڵلاپوور: بۆ پاراستنی گیانم ناچار بووم زێدی خۆی بە جێبهێڵم

19:45 - 22 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: برای هیدایەت عەبدوڵلاپوور، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، ئێرانی بەجێهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، فەرهاد عەبدوڵلاپوور، برای هیدایەت عەبدوڵلاپوور، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام بە هۆی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی بە جێهشێت.

فەرهاد عەبدوڵلاپوور، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: \"من لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دابووم و چەندین جار بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە کراوم و ئازار و ئەشکەنجە دراوم و لەلایەن مەئموورانی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییەوە چەندین جار هەڕەشەم لێکراوە\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: مانگی پووشپەری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانە دەسبەسەر و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ ڕاگوێزراوم و پاش ئازار و ئەشکەنجەی توند بۆ ئیتلاعاتی سپا لە شاری ورمێ ڕاگوێزراوم\".
بە وتەی ناوبراو: لە ماوەی دەسبەسەر کرانمدا لە ژووری تاکەکەسیدا بووم و لە دەستپێڕاگەیشتن بە تەلەفوون و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەم بێبەری بووم\".

فەرهاد عەبدوڵلاپوور ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو: \"من بە بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوم و هێزە ئیتلاعاتییەکان منیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران تاوانبار کردبوو\".

بە وتەی ئەو برای هیدایەت عەبدوڵلاپوور، \"هێزە ئیتلاعاتییەکان فەزایەکی پڕ لە ترس و دڵەراوکێیان بۆ بنەماڵەکەی دروست کردووە کە هەنووکە بە توندی لەژێر چاودێری هێزە ئیتلاعاتییەکاندان\".

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەروەها پێداگری لە سەر ئەوە کردەوە کە، \"لە ژێر گوشار و هەڕەشەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ پاراستنی گیانم ناچار بووم زێدی خۆم بە جێبهێڵم و لە یەکێک لە وڵاتە دراوسێکانی ئێران نیشتەجێ بم\".

ناوبراو سەبارەت بە بارودۆخی براکەی هیدایەت عەبدوڵلاپوور ئەوەی خستەڕوو: \"هەر کات ئەگەری لە سێدارەدانی براکەم لە ئارادایە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دوو هێندە کردووەتەوە\".

فەرهاد عەبدوڵلاپوور لە کۆتایی ئەم وتووێژەدا، داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە بۆ پێشگرتن لە حوکمی لە سێدارەدانی براکەی هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە\".

شەممە ٩ی پووشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵلاپوور\"، برای هیدایەت عەبدوڵلاپوور زیندانیی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٧٥ ڕۆژ لە گرتووخانە بۆ زیندانی شاری شنۆ ڕاگوێزرا و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.