فەرهاد شەفیع زاده لە زیندان ئازاد کرا

20:51 - 6 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ ٦ی بەفرانبار فەرهاد شەفیع‏زادە، خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش ساڵێک لە دەستبەسەر کردن، لە زیندان ئازاد کرا.

فەرهاد شەفیع‏زادە خوێندکار لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی تەورێزە و لە ٢٠ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا، لە شاری مەریوان بە تۆمەتی \"تێکدانی نیزام و ڕەخنە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵات\" لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو پاش یەک مانگ دەستبەسەری بە دانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو خوێندکارە کوردە لە دادگای شۆڕشی شاری مەریوان سزای یەکساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا و دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، ئەو حوکمەی فەرهاد شەفیع‏زادەی پشتڕاست کردەوە.

فەرهاد شەفیع‏زادە ئەندامی شوورای ناوەندیی کانوونی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی زاگرۆس و ئەندامی دەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی \"ئاستانە\" بووە، لە لایەن حیراسەتی زانکۆی تەورێزەوە بە دوو تێرم هەڵپساردن لە خوێندن وێڕای ڕەچاو نەکردنی ساڵەکانی خوێندن، و هەروەها بێبەش کردنی لە خۆشبژیویی کۆمەڵایەتی تا کۆتایی خوێندنەکەی مەحکووم کرابوو.