فەرماندەی قەرارگای حەمزە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد

20:57 - 2 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی قەرارگای حەمزە، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران کرد.

محەممەدتەقی ئەسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"مێهر\"، بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاند: \"بە هەر جۆرە هەڕەشەیەک دژی وڵات وڵامێکی توند دەدەینەوە\".
ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: \"هەر جۆرە جووڵەیەکی دژە شۆڕش و ئامریکا لە ناوچەکە بە وردییەوە لەژێر چاوەدێری دەخرێن\".

فەرماندەی قەرارگای حەمزە لەو وتووێژەدا ئیدعای ئەوە دەکات، کە \"ئامریکا و گرووپەکانی دژە شۆڕش بە پارەی سعوودییەکان هەوڵ دەدەن، کە ئەو گرووپانە زێندوو ڕاگرن و چالاکی بکەن، ئەوان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە، نائەمنی لە ناوچەکە و ئێران دروست بکەن\".

ناوبراو بە ئاماژەکردن بە هێرشی مووشەکیی سپا بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاندووە: \"ئەمە هەڕەشەی کۆماری ئیسلامییە و ئێمە ئەم کارە لە ڕێگای هەزار کیلۆمێتری دەتوانین ئەنجامی بدەین و لەو پەیوەندییەدا ڕێبەری نیزام وتوویەتی کە ئیتر کاتی لێدە و هەڵبێ تەواو بووە\".

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قەرارگای حەمزە هەوڵی دروستکردنی خاڵی پشکنین لە نزیک گوندەکانی سنە و کامیاران دەدات و دەوترێ، هێزەکانی سپای پاسداران لە شاخەکانی شاهۆ و کۆساڵان لە هەوڵی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنن.

قەرارگای حەمزە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان چالاکی دەکات.