فەرمانداری ورمێ لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە بۆ پشتیوانیی لە عەفرین دژایەتی کرد

14:23 - 4 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: فەرمانداری شاری ورمێ، داواکاری چالاکانی مەدەنیی ئەو شارەی، سەبارەت بە پشتیوانی کردن لە هاووڵاتییانی شاری عەفرینی ڕەت کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری ورمێ، داوای ئیزنی بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دژی هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین، لە بەرانبەر کونسوولگەریی ئەو وڵاتە لە شاری ورمێیان کرد و فەرمانداری ئەو شارەش لەگەڵ داواکارییەکەیان دژایەتی کرد.

چالاکانی مەدەنی دەیانەوێت ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان کاتژمێر ٤:٣٠ ئێوارە، بۆ پشتیوانی لە شاری عەفرین و مەحکووم کردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر دانیشتوانی ئەو شارە لە بەرانبەر کونسوولگەری تورکیە لە ورمێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببن.

پاش ناڕەزایەتیی فەرمانداری شاری ورمێ، چالاکانی مەدەنی، بڕیارە داواکارییەکەی خۆیان ڕادەستی پارێزگاری ئەو شارە بکەن.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە هێرش ئاسمانی بەربڵاوی بۆ سەر شاری عەفرین لە کوردستانی سووریە دەست پێ کرد و لەو هێرشانەدا ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی بریندار و کوژران و هەروەها شەڕێکی توند لە نێوان هێزەکانی \"یەپەگە\" و ئەرتەشی تورکیە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستە چەندین سەربازی تورکیە لەو شەڕەدا بە دەستی هێزەکانی \"یەپەگە\" کوژراون.