فەردین ڕەحیمی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

17:37 - 9 خەرمانان 2722

ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان، فەردین ڕەحیمی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" پاش بانگهێشتکردنی بۆ بەڕێوەبەریی یاسای دادگای ئینقلابی سنە، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە، کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی ٤ ساڵ، مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" ئەو هاووڵاتییەی بە"پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" و"ڕێکخستنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" تۆمەتبار و بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕ، پێی ڕاگەیەندرابوو.

دوایین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ئەندامەی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" ، ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی رابردوو، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوە چووبوو.

ئەو ئەندامەی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.