فەرانەک جەمشیدی، چالاکی ژینگەیی چوار ساڵ زیندانیی تەعزیریی بە سەردا سەپا

18:19 - 20 رێبەندان 2720

فەرانەک جەمشیدی، چالاکی ژینگەیی و ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، خەڵکی سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو چالاکە ژینگەییەی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووە و سەپاندنی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیرییەکەی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان، بە پارێزەری دۆسیەکەی ڕاگەیندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، فەرانەک جەمشیدی پاش ١٣٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، بۆ ماوەی سێ مانگ و ١١ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرابوو و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بۆ بەندی ژنان لە  زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە ژینگەییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو و هەروەها بڕیاری دڕێژکردنەوەی دەسبەسەریەکەی بۆ ٥ جار درێژ کرابووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، ئەو چالاکە ژینگەییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتیییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان وەک کامپیۆتێر و موبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

"فەرانەک جەمشیدی" پاییزی ساڵی ٩٧، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت کرا و سەبارەت بە چالاکییەکانی خۆی و هاوژینەکەی "ئارمین ئیسپرلوس" کە لەو کاتەدا دەسبەسەر کرابوو، لێپرسینەوەیان لێ کردبوو.