فشار بۆسەر زیندانیانی سیاسیی کورد و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان

15:15 - 23 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی رۆژانی رابردوودا فشاری هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشێوەی سیستماتیک بۆسەر زیندانیانی سیاسی و هاووڵاتییانی کورد رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئیستا \"خدر رەسووڵ مرووەت\" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی مەهاباد لەلایەن حیفازەتی زیندانەوە بانگهێشت و بەبیانووی ئەوەی کە ناوبراو لە نێو زیندانەوە پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بووە، ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەیان لە بەندی زیندانیانی سیاسییەوە بۆ بەندی تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکان راگواستووە.

خدر(شەماڵ) رەسووڵ مرووەت بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەڵوێستەی مەئموورانی حیفازەتی زیندان بۆ ماوەی ٨ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

هاوکات سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ مانگ بەسەر دەستبەسەر کرانی ئەو چالاکە خوێندکارییەدا، هەتا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

هەروەها ٣١ی مانگی پووشپەر \"کەریم مووسازادە\" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی \"بەندەر عەباس\" لەلایەن مەئموورانی ئەو زیندانەوە درایە بەر لێـدان و لە بەندی \"کرێکاران(کارگران)\"ـەوە بۆ بەندی ٢ی ئەو زیندانە کە شوێنی راگرتنی تاوانبارە مەترسیدارەکانە، گوازرایەوە.

کەریم مووسازادە بەنێشانەی ئەو بێڕێزی کردنەی مەئمورانی زیندان و راگواستنی بۆ بەندی تاوانە گشتییەکانی ئەو زیندانە، بۆماوی ٦ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو، دواتر بەرپرسانی زیندان ناوبراویان بۆ بەندی پێشووی خۆی گەڕاندەوە.

ئەو زیندانییە کوردە پاش ئەوەی کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، سەرلەنوێ بۆ بەندی تاوانە گشتییەکانی ئەو زیندانە گوازرایەوە.

کەریم موسازادە ٧ی گەلاوێژی ساڵی ٨٨ لە شاری ورمێ دەستبەسەر و پاش ٤٥ رۆژ راگیران لە ئیلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوەو لە پاییزی هەمان ساڵدا بە تاوانی ئەندامەتی لە پارتێکی کوردیدا بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دورخرانەوە بۆ زیندانی بەندەرعەباس، مەحکووم کرا.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێ‌شەممەی رابردوو مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوی \"سەرکەوت سەڵواتی\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواست.

دەگوترێت کە مەئموورانی ئەو ئیدارەیە پاش دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، چوونەتە ماڵەکەی و دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک کەلووپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتووە.