فشاری هێزە نیزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد رووی لە زیادبوون کردووە

20:02 - 9 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکانی سەربە ئوستانی کرماشان، بە شێوەیەکی بەرین دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتیانیان کۆ کردەوە.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەلە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٩ی سەرماوەز هێزە نیزامییەکان لە شارەکانی پاوە، شمشێر و گوندەکانی دەوروبەری دەیان دەزگا و دیشی ماهوارەی هاوڵاتییانیان زەوت کرد.

بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شارۆچەکەی شمشێر، هێزە نیـزامییەکان بەبێ هەبوونی مۆڵەت هاتوونەتە ماڵی هاووڵاتییان و هەموو ماڵەکانیان پشکنیووە، ئەمەش ترس و نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی، بێ حورمەتی و سووکایەتی کردنی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ناڕەزایەتیی هاووڵاتیی لێکەوتۆتەوە لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەچوون لەنێوان هاووڵاتییان و هێزە نیزامییەکاندا هاتە ئاراوە.

هەروەها لە چەند رۆژی رابردووشدا هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وێڕای سووکایەتی کردن بە هاووڵاتییانی گەڕەکی تەپەی مووسک لە شاری مەریوان، کۆمەڵێک دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆ کردبوویەوە.

دەگوترێت کە ئەو هێزانە بە کەڵک وەرگرتن لە نەردیوان و بەبێ ئیزنی هاووڵاتییان چوونەتە سەربانی ماڵەکان و دەستیان بە کۆکردنەوەی ماهوارە کردووە.