فشاری دادگای ئینقلابی مەهاباد بۆ سەر بنەماڵەی چالاکێکی فەرهەنگیی کورد

15:55 - 8 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و فشار بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە بنەماڵەی \"مەنووچێهر پۆردڵ\"یان راگەیاندووە کە دەبێ هەتا رێکەوتی ١٥ی سەرماوەز بڕی ٦٠ میلیۆن تمەن بخەنە حیسابی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە.

\"مەنووچێهر پۆردڵ\" کوڕی مەحموود، چالاکی فەرهەنگی و ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان لە ئێران رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ساڵی ٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دادنانی بارمتەیەکی ٦٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

\"17095.jpg\"
مەنووچێهر پۆردڵ رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ساڵی ٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دادنانی بارمتەیەکی ٦٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی \"مەنووچێهر پۆردڵ\"یان راگەیاندووە ئەگەر هەتا رێکەوتی دیاریکراو ئەو بڕە پارەیە نەخەنە حیسابی دادگا، ئەو سەندەی کە نرخەکەی زیاتر لە ١ ملیارد تمەن مەزندە کراوە و لە بری ئازاد کردنی کوڕەکەیان داندراوە، بە بڕیاری دادگا دەستی بەسەردا دەگیرێت.

مەنووچێهر پۆردڵ دوابەدوای ئەوەی هاوینی ئەمساڵ بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت ، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا چەندین جار باوک و برای مەنوچێهر پۆردڵ\"یان بانگهێشتی ئیتلاعات کردووە و برای ئەو چالاکە فەرهەنگییە بە ناوی \"مەسعوود پۆردڵ\" بۆ ماوەی شەو و رۆژێک لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا ماوەتەوە.