فشاری دادسەرای شاری بۆکان بەسەر بنەماڵەی چالاکیکی سیاسیی کورد

20:49 - 23 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن دادسەرای ئەو شارەوە ئاگادار کراوەتەوە کە دارایی و سامانی کوڕەکەیان زەوت دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوو دادسەرای شاری بۆکان بە بنەماڵەی کاوە کانەبی چالاکی سیاسیی کوردی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتی راگەیاندووە کە خانووبەرە، ماشین و حیسابی بانکیی ناوبراو دەستی بەسەردا دەگیرێت.

\"17400.jpg\"
کاوە کانەبی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکە بەناوی \"ئەسرین کانەبی\" بەهۆی فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆیان بەجێهێشت
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ کاوە کانەبی لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوکمی زیندانیی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام پاریزەرەکەی بەهۆی ئەوەی کە هەڕەشەی لێکراوە، لە میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵانە خۆ دەبوێرێت.

سەرچاوەکە گوتیشی پارێزەری کاوە کانەبی هەڕەشەی لیکراوە لە ئەگەری بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو چالاکە سیاسییە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران دەبێتەوە.

پێشتریش لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا دایک و باوکی بەساڵاچووی کاوە کانەبی لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسیەنەوەیان لێکرابوو.

کاوە کانەبی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکە بەناوی \"ئەسرین کانەبی\" دوابەدوای بەشداری کردن لە خۆپیشاندانک کە بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی گوماناویی سومەییە فەیزوڵلا پوور رێکخرابوو، بەهۆی فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆیان بەجێهێشت.