فشاری حەراسەتی زانکۆی پەیام نووری مەریوان و نەبوونی ئیمکانات مانگرتنی خوێندکارانی لێکەوتەوە+وێنـە

17:26 - 5 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی زانکۆی \"پەیام‌نوور\"ی مەریوان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەربەستەکانی حەراسەتی زانکۆ، نەبوونی خزمەتگوزاری و بارودۆخی خراپی ئەو زانکۆیە مانگرتنێکیان رێکخست.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٥ی سەرماوەز رێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان لەهەمبەر فشاری حەراستی زانکۆ و هەروەها نەبوونی ئیمکاناتی خزمەتگوزاری لەو زانکۆیە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکیان پێکهێنا.

یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ماوەی یەک ساڵە بڵاڤۆکی خوێندکاریی \"رۆژمان\" مۆڵەتی وەشانی پێ دراوە، بەڵام هەتا ئێستا نەیانهێشتووە یەک ژومارەشی لێ چاپ بکرێت.

ئەو خوێندکارە کوردە گوتیشی؛ حەراسەتی زانکۆ مۆڵەتی هیچ جۆرە سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بە خوێندکاران نادات و بەشێوەیەک رێگری لە خوێندکاران دەکات کە هیچ جۆرە چالاکییەک لەم زانکۆیەدا بوونی نییە.

ئەو خوێندکارە ناڕازیە باسی لەوەش کرد، زانکۆی پەیام نووری مەریوان لە بوونی خزمەتگوزاریی وەکوو ساڵۆنی وەرزشی، ساڵۆنی نان خواردن بێبەرییە و بە بەردەوامی خوێندکاران بەرەوڕووی گرفت دەبنەوە.

\"17057.jpg\"
خوێندکارانی ناڕازی رایانگەیاندووە ئەگەر داخوازییەکانمان بەزووترین کات نەچنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە لەسەر مانگرتنەکەمان بەردەوام دەبین

ناوبراو باسی لەوەش کرد؛ ئەم مانگرتنە کە زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری کچ و کوڕ تیایدا بەشدار بوون، بەرپرسانی زانکۆ و حەراسەت و هەروەها سەرجەم کارمەندانی زانکۆ هاتنە شوێنی مانگرتنەکە و خوێندکاران داخوازییەکانی خۆیان پێ راگەیاندن.

ئەو چالاکە خوێندکارییە ئاماژەی بەوەش کرد، خوێندکارانی ناڕازی وێرای هێنانە گۆڕێ داخوازییەکانیان، رایانگەیاند؛ ئەگەر بە زووترین کات داخوازییەکانمان نەچنە قۆناغی جیبەجێ کردنەوە؛ لەسەر ئەم مانگرتنە بەردەوام دەبین.
\"17056.jpg\"

\"17054.jpg\"

\"17053.jpg\"