فشاری بەرپرسانی قوتابخانەیەکی شاری سەقز لەمەڕ بە بەسیج کردنی قوتابیان

13:25 - 23 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی یەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی شاری سەقز قوتابیانیان ئاگادار کردۆتەوە کە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە ماف و ئیمتیازەکانیان بێبەش نەبن، پێویستە لە بنەکەی بەسیج‌دا ناونووسی بکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"بەرپرسانی قوتابخانەی دواناوەندیی \"عیلم و سەنعەت\"ی گەرەکی حەماڵاوای شاری سەقز بە قوتابیانیان راگەیاندووە کە دەبێ فۆرمی تایبەت بۆ ئەندامبوون لە بەسیجدا پڕ بکەنەوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسی پایەگای مقاومەتی قوتابخانەی دواناوەندیی حەماڵاوا رایگەیاندووە، ئەگەر لە بەسیجدا نانونووسی نەکەن، لە قۆناغەکانی دیکەی خوێندن و وەرگیران لە زانکۆدا کارێگەریی دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە بە قوتابیانیان راگەیاندووە کە دەبێ بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی نێو قوتابخانە دەبێ بڕی ٥٠ هەزار تمەن بە قوتابخانە بدەن.

دەگوترێت کە قوتابخانەی داواناوەندیی عیلم و سەنعەت لە گەڕەکی حەماڵاوای شاری سەقز ٢٠٠ قوتابیی هەیە و زۆربەی بنەماڵەی قوتابیان، هاووڵاتییانی هەژار و کەم داهاتی ئەو گەڕەکە پێک دێنن.