فرۆشتنی داوێنی چیای ئاویەر بە ئەندامێکی سپای پاسداران

13:52 - 27 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: شۆرای ئیسلامی شاری سنە لە هەوڵێکی نایاساییدا، بەشێک لە داوێنی چیای ئاویەری شاری سنەی بە ئەندامێکی ناخۆجێی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران فرۆشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەشێک لە داوێنی چیای ئاویەر لەلایەن جەلال شەریعەتی، بەرپرسی شۆرای ئیسلامیی شاری سنە، فرۆشراوە بە عەلی سابیری ئەندامی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری تەورێز.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: فرۆشتنی بەشێک لە داوێنی چیای ئاویەر بەو ئەندامەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری تەورێز بە مەبەستی دروست کردنی هۆتێل بووە کە ئەو هەوڵە کارێکی نایاساییە.

پێویست بە ئاماژەیە کە بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەوڵەی شۆرای ئیسلامی شاری سنە بە پشتیوانی محەممەد زارعی فەرمانداری ئەو شارە ڕوویداوە؛ ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەم کارەی شۆرای شار، دژایەتی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.

پێشتریش، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە هەوڵی قەتیس کردنی ئاوە ژێرزەوییەکانی چیای ئاویەری دابوو.

چیای ئاویەر بە بەرزایی نزیکەی ٢٣٥٠ میتر زاڵە بە سەر شاری سنەدا و جیا لەوەیکە سەیرانگایەکی گرینگی ئەم شارەیە، ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتی لای هاووڵاتییانی شاری سنە هەیە.