"عەلی ستوودە"، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی ناڕازیی دەسبەسەرکراو لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزڵوەر لە شاری قوروە، بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.
"فەریدە کەرەمی"، دایکی "عەلی ستوودە" لە وتووژێکدا لەگەڵ میدیاکان ڕایگەیاندووە کە کوڕەکەی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی تراکت و لە پەیوەندی لەگەڵ گرانبوونی بێنزین و هەژاری"، بە ساڵێک زیندان مەحکووم کراوە.
دادگاییکردنی "عەلی ستوودە"، ٢٠ی سەرماوەز، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە دادگای ئینقلابی شاری قوروەدا بووە و دادوەری دادگا وێڕای ڕاگەیاندنی زارەکیی ئەو حوکمە، بە دایکی عەلیی ڕاگەیاندووە کە حوکمی کوڕەکەی لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەرنەبڕین سەبارەت بەو حوکمەکەی، بۆ ٥ مانگ کەم دەبێتەوە.
"عەلی ستوودە"، تەمەن ٢٥ ساڵ و دانیشتووی گوندی "قەڵا" سەر بە شاری قوروەیە و ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تراکت دەسبەسەر و دواتر بە دانانی "موڵەتی کار"، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
پاش ئازادکردنی ئەو لاوە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان دووبارە ناوبرایان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شاری قوروەیان کردووە.
ئەو لاوە قوروەییە هەنووکە لە زیندانی قوروەدایە و دایکی هەتا ئێستا دووجار لە زیندان چاوی بە کوڕەکەی کەوتووە.
"فەریدە کەرەمی" دایکی "عەلی ستوودە" سەرپەرەستی بنەماڵەکەیەتی.