عەلائەدین باباشەهابی نەوە(کوڕەزا)ی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی کۆچی دوایی کرد

15:27 - 5 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هونەرمەندانی بواری مۆسیقای رەسەنی کوردی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ، عەلائەدین باباشەهابی هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سنە لە تەمەنی ٧٥ و بەهۆی راوەستانی دڵەوە، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

عەلائەدین باباشەهابی لە گەڕەکی چوارباغی شاری سنە لە دایک بووەو لە تەمەنی ٧ ساڵیدا چووەتە قوتابخانە و لەگەڵ مۆسیقا ئاشنا بووەو لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاویدا بە چڕینی سروودی \"ئەی وەتەن\" لە رادیۆ سنە بە فەرمی گۆرانیبێژی دەست پێکرد و ساڵی ١٣٤٦ چووە تاران و لەگەڵ ئۆرکێسترای کوردی و ئۆرکێسترای باربد و ئۆرکێسترای نەکیسا و ئۆرکێستراکانی فەرهەنگ و هونەر کاری گۆرانیبێژی درێژە پێدا.

\"20778.jpg\"
عەلائەدین باباشەهابی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد
ئەو هونەرمەندە کوردە، ٦٠ گۆرانیی کوردی لەو ئۆرکێسترایانەدا چڕیوە و لە وڵاتانی سوید، ئینگلیز، ئاڵمان، بلژیک، ئۆتریش و عێراق چەند کۆنسێرتێکی مۆسیقایی بەڕێوە بردووە.

(جێژوانی جاران، سروەی ئاوات، جیلوەی دیدار، ئاوێنەی دڵبەری، ئەی وەتەن، نم‌نم بارانە، گوڵ بانە، مەگری و ویلەن) وەک بەناوبانگ‌ترین بەرهەمەکانی هونەرمەندی کورد عەلائەدینی باباشەهابی ئەژمار دەکرین.

عەلائەدینی باباشەهابی نەوە(کوڕەزا)ی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، هونەرمەندی ناوازەی کورد بوو.

حەسەن و حوسین یوسف‌زەمانی، محەمەد عەبدولسەمەدی و سوهەیل ئەیوانی ئەو کەسانە بوون، کە عەلائەدین باباشەهابی‌یان بەرەو هونەر و گۆرانی هان داوە.

سەرەتای مانگی رابردووش عەباس کەمەندی، هونەرمەندی ناوداری کورد، بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

رۆژی هەینی، تەرمی عەلائەدین باباشەهابی بە بەشداریی هونەرمەندان و چالاکانی فەرهەنگیی کوردستان لە بەشی هونەرمەندانی گوڕستانی محەمەدی لە شاری سنە بەخاک دەسپێردرێت.